بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەكەی پێشمەرگە لەبارەی هەوڵەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ وتویەتی: هەرێمی كوردستان پێویستی بە سوپایێكی یەكگرتووی پێشمەرگە هەیە، كە پڕچەک و پڕمەشق و ئامادە بێت و لە هەموو روویەكەوە ببێت بە سوپایێكی ستاندارد، كە سیمای حزبایەتی پێوە دیار نەبێت و سوپای میلـلەت و حكوومەتیش بێت، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان هەركەس لەسەر دەسەڵات بێت، ئەو سوپایە لە شوێنی خۆیدا بێت".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتیشی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین بۆ دروست كردنی ئەو سوپایە، لە كابینەكانی پێشووی حكوومەت 12 تا 14 لیوا كەوتوونەتە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكیان گرتۆتەوە.
لەبارەی یەكەكانی 70 و 80 و پێشمەرگەی لایەنەكانی حزبی شیوعی، سۆسیالیست، زەحمەتكێشان و ئەو حزبانەی دیكەش كە خەباتی شاخیان هەبووە وتی: لە ئێستادا هیچ رێگرییێكی سیاسی لەبەردەم یەكخستنی ئەو هێزانەدا نییە جگە لە نەبوونی پێداویستی و ئەو رووداوانەی روودەدەن و هێزەكانی پێشمەرگە پێوەی سەرقاڵ دەبن و ناچار دەبن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە، كە رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە".
لەبارەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە جێناكۆكانیشدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا كە پێشتر سەرۆكایەتی بەرەیێكی فراوانی جەنگی دژ بە داعشی لە سنووری كەركووک و دەوروبەری دەكرد، وتی: "داعش هەر هەبووە، بەڵام ئێستا بەشێوەیێكی ئاشكرا لەو شارانەدا نەماوە كە لەژێر دەستیدا بو، بەڵام شانە نووستووەكانی چالاكی و رۆڵ و كاریگەرییان هەیە لە دەرەوەی شارەكان و سەر شەقامە سەرەكییەكان، هەروەک ئێستا چالاكی پەیدا كردۆتەوە و لە هەموو روویێكەوە بەهێزبووە و جۆری شەڕەكانی لە شارەكانەوە بۆ شەڕی پارتیزانی گۆڕیوە، بەجۆرێک لە ماوەی شەو و رۆژێكدا چەندین كردەیان هەیە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment