بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێم کەمال ئاغا لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا، وتی: "لە ئێستادا هەردوو بەرەی شیعە سێ یەکی پەکخستنی پەرلەمانیان لەدەستە هەر لایەکیان دەتوانن کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەکبخەن، بۆیە هەردوو لایەنی شیعە دەبێت ڕێکبکەون لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بێ مەبدەئی تەوافوق تازە هیچ کامیان ناتوانێت ئەوی تریان بشکێنێت، بۆ کوردیش ئەوە ڕاستە ئەوەتا نە پارتی توانی بێ یەکێتی سەرۆک کۆمار دابنێت وەک ئەوەی دوێنێ بڕیاربوو، نە یەکێتیش دەتوانێت، بۆیە باشترە یەکڕیزی ناو ماڵی شیعە بێتە دی، نە کورد نە سوننە نەبنە بەشێک لە پەرتەوازەیی ماڵی شیعە، بۆ کوردیش ئەگەر بە ئاڕاستەی ڕێککەوتن نەڕۆین ڕەنگە زیان بە ئێستا و داهاتوو و دەسکەوتەکان بگەیەنین."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر ڕوونیکردەوە "پارتی و یەکێتی بە بێ یەکتر ناتوانن سەرۆک کۆمار دابنێن، یەکەم دەبێت ڕەزامەندی هاوپەیمانەکانیان هەبێت، دووەم دەبێت خۆیان ڕێکبکەون، بۆیە ئەگەر ناوماڵی شیعە لەت بێت وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدا کورد واتە نە یەکێتی نە پارتی ناتوانن سەرۆک کۆمار دابنێن بە لێکترازانی نێوماڵی شیعە، چوونکە هەردوولا سێ یەکی پەکخستنی پەرلەمانیان هەیە، ڕوونتر بڵێم هەر کاتێک ماڵی شیعە لەسەر پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو ڕێککەوتن ئەو کات تێپەڕاندنی سەرۆک کۆمار بۆ هەر لایەنێک ئاسان دەبێت.
دەربارەی پۆستی سەرۆک کۆماریش، هەرێم کەمال ئاغا وتی" یەکێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت چوونکە پارتی لە کوردستان هەموو پۆستەکانی بەدەستە، لە بەغدادیش جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەیە، پێمان وابوو بەیەکەوە بهاتینایە بەغداد باشتربوو، بەیەکەوە ڕێککەوتنمان بکردایە بۆ ئەوەی ئێستا لە بری پۆستەکان مافە دەستورییەکانی هەرێم و کێشەی پێشمەرگە و ناوچە کێشە لەسەرەکان و پێشمەرگەمان لێرە چارەسەر بکردایە، ئێمە وەک یەکێتی پێمان وابووە کە لەگەڵ وەفدی پارتیش چوینە لای سەدرییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەبینە لایەنێک لە لایەنەکانی نێوماڵی شیعە دواتر ڕەنگە لایەک بە ئاڕاستەیەکی تردا ڕۆیشتبن بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوە ئێستاش."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی و یەکێتی گفتوگۆیان هەیە بەیەکەوە؟ لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی: "گفتوگۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە، خۆ ئەمڕۆش نەبێت سبەی هەر دەبێت ئەو گفتوگۆیە بەردەوام بێت، یەکێتی و پارتی کۆمەڵێک کاری هاوبەشییان هەیە پێکەوە، کۆمەڵێک خواست و ئەرکی هاوبەشیان هەیە، لە حکومەتی هەرێم پێکەوەین، پاراستنی دەستکەوتەکان ئەرکی هەردوولامانە، ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە ئاڕاستەیەکدا ڕۆیشتن کە هاتە سەر یەکشکاندن بە تایبەت لە ڕاگەیاندنەکان کە شتێکی زۆر نادروستە، بۆیە من پێم وایە باشترین مەبدەئی لێکتێگەیشتن و بنەمای کارکردنی هاوبەشە."
ناوبراو وتیشی: "دەرکەوت پارتی کێشەی لەگەڵ کاندیدەکەی یەکێتی نیـیە، بەڵکوو لە دواین کۆبوونەوە ئەوەیان بە برادەرانی ئێمە وتووە چەند ساڵە ئەو پۆستە لای یەکێتیە ئەم خولە ئێمە دەمانەوێت ئەم پۆستە وەربگرین، بەڵام وەک وتم لەبەر ئەوەی زۆربەی پۆستە باڵاکان لە هەرێم بەدەست پارتیەوەیە بە پێی ڕێککەوتنی پێشوتر ئێستا یەکێتی ئەم پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت".
هەرێم کەمال ئاغا لە کۆتاییدا وتیشی: "بۆ سەرکەوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ئێستا ئێمە (یەکێتی و پارتی) بە دوو تیم لە بەغداد کاردەکەین، بینرا پارتی بۆ بەدەستخستنی ئەو پۆستە موجازەفەیان بە هاوپەیمانێتیەکەیان کرد بەڵام نەیانتوانی. هەروەها یەکێتیش ئێستا هەمان هەوڵ دەدات بۆ دەستکەوتنی ئەو پۆستە بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای ڕێککەوتنی نێوماڵی شیعە کورد بە دەستیدەهێنێت و ئێدی کاممان دەیبەین".
Your Comment