وەزارەتی پلاندانان: ژمارەى دانیشتووانی عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٨  زیاتر لە ٣٨ ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرەڕاى بەردەوامیى شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە عێراق ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەى دانیشتووانەکەى ڕوو لە زیادبوون دەکات و بە پێى ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراقیش ژمارەى دانیشتووان بۆ ساڵى ٢٠١٨ زیاتر لە ٣٨ ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە.

کوردپرێس:

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، ٣٨ ملیۆن و و ١٢٤ ھەزار و ١٨٢ کەسە و به‌غداش پله‌ى یه‌كه‌مى گرتووه‌ له‌ زۆریى دانیشتووانه‌كه‌یدا.

هەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان لەو ڕێژەیە ژماره‌ى نێرینه‌ ١٩ ملیۆن و ٢٦١ هه‌زار و ٢٥٣ کەس دەبن، کە رێژه‌ى ٥١%ى کۆى دانیشتوان پێکدەهێنن ، له‌ كاتێكدا رێژه‌ى مێینه‌ ١٨ ملیۆن و ٨٦٢ هه‌زار و ٩٢٩ كه‌سن و رێژه‌ى ٤٩% ى دانیشتووانى عێراق پێكدێنن .

عەبد زەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتى پلاندانانى عێراق ڕایگەیاند، منداڵانی تەمەن یەک رۆژە بۆ ١٤ ساڵان، ١٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دەبن و لە نێو توێژەکانی دانیشتوواندا زۆرترین ڕێژە پێکدەهێنن.

منداڵانى تەمەن یەک رۆژ بۆ ٥ ساڵان ژمارەی گەورەترین پێکدەھێنن کە ژمارەیان دەگاتە ٥ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار کەس دوای ئەوانیش تەمەنی ٥ ساڵان بۆ ٩ ساڵان دێت کە ژمارەیان دەگاتە ٥ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس، پاش ئەوانیش ١٠ بۆ ١٤ ساڵان دێت کە ٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار کەس دەبن.

ناوبراو ئەوەشى خستە ڕوو، توێژی گەنجان لە ناو دانیشتووانی عێراق کە ئاستى تەمەنى ١٥ بۆ ٣٩ ساڵى بۆ دیاری کردووە ڕێژەکەى دەگاتە ١٥ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار کەس و ئەوانەشی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵانە لەنێو ئەو توێژە زۆرینەن کە زیاترن لە ٤ ملیۆن.

هاوکات بەپێى ئامارەکە تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٩ ساڵان ریزبەندی سێیەمیان گرتووە کە ژمارەیان ٥ ملیۆن و ٦٥٠ ھەزار کەس دەبێت و ، تەمەنی ٤٠ بۆ ٤٤ ساڵان زۆرینە لەنێو ئەو چینەدا پێکدەھێنن کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن.

ئەوەشی روون کردووەتەوە کە تەمەنی ٦٠ ساڵ و بەرەو سەرەوە لەنێو ئاماری دانیشتووانی عێراق ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار کەس.

هاوکات هەر بەپێى ئامارێکى وەزارەتى پلاندانى عێراق ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان نزیکەى ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار٥٩٢ کەس دەبن کە دەکاتە ڕێژەى زیاتر لە ١٣% ى کۆى دانیشتوانى عێراق پێکدەهێنن.

هەربە پێى ئامارەکەى وەزارەتى پلاندانان ، ٢ ملیۆن و ١٦٢ هەزار و ٢٧٩ کەسیان دانیشتوى پارێزگاى سلێمانین کە زۆرینەى دانیشتوانى پارێزگاکانى هەرێم پێکدەهێنن.

دواى ئەویش پارێزگاى هەولێر دێت کە ژمارەیان ١ ملیۆن و ٢٩٢ هەزار و ٢٧٩ کەس دەبن، دواى ئەوانیش پارێزگاى دهۆک دێت کە ژمارەى دانیشتوانەکەى ١ملیۆن و ٢٩٢ هەزار و ٥٣٩ کەسە.

بەشێوەیێکى گشتى ٢٦ ملیۆن و ٦٣٠ کەس لەنێو دانیشتووانی عێراق شارنشینن کە رێژەی ٧٠ لەسەد کۆى دانیشتووان پێکدەھێنێت و ١١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسیشیان لە گوندەکان دەژین.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێى ئامارێکى وەزارەتى پلاندانانى هەرێمى کوردستان وا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەى دانیشتووانى هەرێم تا ساڵى ٢٠٢٠ بەرز ببێتەوە بۆ زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس.

News Code 50102

Your Comment

You are replying to: .
captcha