خوێندنەوەی چاودێرانی سیاسیی پرسی کورد بۆ قەیرانی سووریا

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە کارناسان دەڵێن تا ئەو کاتەی کێشەی کورد کە مەسەلەی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیایە چارەسەر نەکرێت، نابێت چاوەڕوان بکرێت کە پێوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی ببێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشتگیریی ئەمریکا لە کوردی سووریا هەمبەر داعش بووەتە هۆی ئەوەی کە کوردەکانی سووریا کە پێش ئەو قەیرانە پەراوێز خرابوون ئێستا یەک لەسەر چواری خاکی سووریایان بەدەستەوە ببێت و هەوڵی دامەزرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بدەن. ئەوان هەروەها خوازیاریی دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵین لە سووریا.

تورکیا کە هاوپەیمانیی کوردی- ئەمریکیی پێناخۆشە بەشێک لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریای کە بریتییە لە ناوچەی عەفرین داگیر کردووە. ئەو وڵاتە هەڕەشە دەکات کە دیکەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانیش داگیر دەکات.

چاودێرانی پرسی سووریا لەو باوڕەدان کە کوردکان هۆکاری سەرەکیی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سووریان و تا ئەو مەسەلەیە چارەسەر نەکرێت پێوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی نابێتەوە.

سولی ئوزل، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و لێکۆڵەری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بە پەیمانگەی کارنگیی وتووە: تورکیا هێزە کوردەکانی سووریا ناسراو بە یەپەگە و حزبی سەرەکیی ئەوان واتا پەیەدە بە هەڕەشەیێک بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت، بۆیەش یەکەمایەتیی ئەنقەرە لاواز کردن یان لە ناوبردنی ئەو دوو هێزەیە لە سووریا.

ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە کوردەکان هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزیی نێوان ئەنقەرە و واشنتن-ن و تا ئەو کاتەی مەسەلەی کوردەکان چارەسەر نەبێت ئەو گرژی و دژایەتییە درێژەی دەبێت و نابێت چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکان بین.

مەهناد حاجی علی نووسەر و هاوئاهەنگکەر لە پەیمانگەی کارنگی دەڵێت هاوئاهەنگی و هاوکاری لە نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سووریا ئەستەمە و بەشی سەرەکی گرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە کوردەکانی سووریان. داگیر کردنی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا کە هاوپەیمانی ئەمریکان بووەتە بەشێک لە ستراتێژیی تورکیا.

دورۆسی ئشمیت لە ناوەندی پێوەندیە نێونەتەوەییەکانی فەڕەنسا لەو باوڕەدایە پێوەندیی تورکیا و ئەمریکا لە سووریا تووشی کێشە بووەتەوە و کێشەکەش لەسەر پاڵپشتیی ئەمریکا لە کوردەکانە. ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە داگیر کردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان ببێتە بیرۆکەی سەرەکیی تورکیا.

ئەسەد ئالچی ئابووری ناس و بەڕێوەبەری ناوەندی بیتنای سووریا لەو باوڕەدایە ئەوشتەی کە تورکیا بیری لێدەکردەوە لەسەر دەسەڵات لابردنی بەشار ئەسەد بوو، ئێستا تەنانەت ئەگەر ئەنقەرە واشنتن لە باکووری سووریا هاوکاریی یەکتریش بکەن ئەگەری لەسەر دەسەڵات لابردنی بەشار ئەسەد لە ئارادا نییە، تەنگەژەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر پشتگیری لە کوردەکان مومکینە لەسەر ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا بۆ یەکپارچە کردنی ناوچەکانی باکووری سووریا کاریگەریی ببێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50061

Your Comment

You are replying to: .
captcha