به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر یه‌كخستنی خاڵه گومركییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دابوو ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یێكی نوێ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
هه‌ر له‌وباره‌وه ڕاكان جبووری له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه ده‌سته‌ی گومرک په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری خاڵه گومركییه‌كان له که‌رکووک ئه‌نجام داوه و داوای لێكردوووه كاره‌كانیان له خاڵه گومركییه‌كانی نێوان كه‌ركووک و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگرن.
به وته‌ی ڕاكان جبووری بڕیار دراوه سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران له‌و خاڵه گومركییانه بكشێنه‌وه و بگه‌ڕێندرێنه‌وه باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومركی ناوچه‌ی باكوور، هه‌روه‌ها كاره‌كانیش له خاڵه گومركییه‌كانی نێوان كه‌ركووک و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگیرێن.
پارێزگاری که‌رکووک به وه‌كاله‌ت ڕوونیشی كرده‌وه كه تا ئێستا به نووسراوی فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره نه‌دراوه‌ته‌وه.
شایانی باسه؛ ساڵی ڕابردوو حكوومه‌تی عێراق دوو خاڵی گومركی له نێوان که‌رکووک و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دانا كه نیگه‌رانی بۆ شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كان، بازرگان و هاووڵاتییان دروست كردبوو و بۆ چه‌ند جارێک حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای یه‌كخستنی خاڵه گۆمركییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی عێراق كردبوو.
سه‌رچاوه: ڕادیۆ نه‌وا
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment