د. مه‌حموود عوسمان: ھه‌نگاوی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومه‌تی زۆرینه‌ زۆر باشه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی گرینگه‌ کاندیداکانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت و ھه‌رێم له‌ ژێر ڕێنماییی مه‌سعوود بارزانی ده‌بن و مه‌سعوود بارزانی سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ ناوخۆش کێشه‌کان چاره‌ بکات هه‌ر بۆیه‌ هه‌نگاوی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی زۆرینه‌ زۆر باشه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری کورد به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیداکانی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکی ھه‌رێم و حکوومه‌ت دیاری کردوووه‌ و پێویسته‌ دانووستان له‌ نێوان لایه‌نه‌کاندا ده‌ست پێبکات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن، ھه‌م له‌سه‌ر پۆسته‌کان و ھه‌میش له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حکوومه‌ت و به‌ شێوه‌یێک بتوانن حکوومه‌تی نوێ دروست بکه‌ن و پرسی سه‌رۆکایه‌تیی ھه‌رێمیش له‌ په‌رله‌مان بڕیاری لێ بدرێت که‌ له‌ ناو په‌رله‌مان ھه‌ڵبژێردرێت یان له‌ ناو خه‌ڵک."

د. مه‌حموود عوسمان گوتیشی: "ئه‌وه‌ی گرینگیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر مه‌سروور بارزانی بێت یان نێچیرڤان بارزانی به‌ ڕێنماییی مه‌سعوود بارزانی کار ده‌که‌ن و سیاسه‌تی ئه‌ویش ڕوونه‌ و سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ ناوخۆش کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و خۆیشیان وه‌کوو که‌سایه‌تی ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن."

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد: "من به‌ ھیچ شێوه‌یێک له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی بنکه‌فراوان نیم و پێویسته‌ حکوومه‌تی زۆرینه‌ دروست بکرێت، له‌ ڕابردوودا حکوومه‌تی بنکه‌فراوان ھه‌ڵه‌ بوو چوونکه‌ ناکرێ ھه‌موو خه‌ڵک له‌ ناو حکوومه‌ت بێت و پێویسته‌ خه‌ڵکانێک ئۆپۆزیسیۆن بن بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریی حکوومه‌ت بکه‌ن، چوونکه‌ سیسته‌می په‌رله‌مانی پێویسته‌ ئۆپۆزیسیۆنی ھه‌بێت بۆیه‌ ئه‌و ھه‌نگاوه‌ی پارتی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ینێت دروسته‌ و زۆر باشه‌ که‌ باس له‌ پێکھێنانی حکوومه‌تی زۆرینه‌ ده‌کات."

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی کورد ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "حکوومه‌تی داھاتوو یه‌کێتی تێیدا به‌شدار ده‌بێت و جارێ دیار نییه‌ که‌ گۆڕانیش به‌شدار ده‌بێت یان نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌شداری بێت پێویسته‌ پابه‌ندی به‌رنامه‌ی حکوومه‌ت بێت و نابێ له‌ ناو حکوومه‌تیشدا بن و دژایه‌تیشی بکه‌ن بۆیه‌ پێویسته‌ پشتگیری له‌ سیاسه‌تی حکوومه‌ت بکه‌ن، ئه‌گه‌رنا با ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن بۆیه‌ پێویسته‌ پارتی ئه‌مه‌ بکاته‌ مه‌رج که‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ی به‌شدار بێت پێویسته‌ به‌رپرسیارێتی ھه‌ڵگرێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50005

Your Comment

You are replying to: .
captcha