هاوسه‌رۆک و په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په‌ مانگرتن ڕاده‌گه‌یێنن

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ و نۆ په‌رله‌مانتارى دیکه‌ى پارته‌که‌ له‌ په‌رله‌مانى تورکیا مانگرتن ڕاده‌گه‌یێنن و په‌رله‌مانتارانى ئامه‌دیش مانگرتنیان ڕاگه‌یاند و بڕیاریشه‌ ته‌واوى ڕێکخستنه‌کانى ئه‌و پارته‌ له‌ شاره‌کان بۆ ماوه‌ى سێ ڕۆژ مانگرتن ڕابگه‌یه‌نن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ کاردانه‌وه‌ى دژی به‌رده‌وامیدان به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیکراوى پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) هه‌ریه‌که‌ له‌ په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و نۆ په‌رله‌مانتارى دیکه‌ى پارته‌که‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ په‌رله‌مانی تورکیا مانگرتن له‌ خواردن ڕاده‌گه‌یێنن بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 3ی کانوونی یه‌که‌می 2018 په‌رله‌مانتارانى ئامه‌دى هه‌ده‌په‌ (سه‌لچوك مزراكلی، ده‌رسیم داغ، ره‌مزیه‌ تۆسوون، سه‌مرا گوزه‌ل، مووسا فارس ئۆغوللاری و سالیحه‌ ئایده‌نیز) له‌ هۆڵی كۆنفڕانسی وه‌دات ئایدن له‌ باڵه‌خانه‌ى پارته‌که‌ له‌ ئامه‌د بۆ ماوه‌ى سێ ڕۆژ مانگرتنیان له‌ خواردن ڕاگه‌یاند.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌لچووک مزراكلی به‌ ناوی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتوووه‌كانی ئامه‌ده‌وه‌ وتى: "ده‌مانه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌م داواكارییه‌ مرۆیییه‌ بدرێته‌وه‌ و ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر و گفتوگۆ هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌گه‌ر له‌ چالاكییه‌كانی مانگرتن له‌ خواردنیشدا دۆخێكی نه‌رێنی ڕوو بدات، حكوومه‌ت لێی به‌رپرسه و داوا له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ین گوێ له‌و ده‌نگانه‌ بگرێت كه‌ له‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌‌".

هاوکات چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ڕێکخستنه‌کانی هه‌ده‌په‌ له‌ شاره‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ مانگرتن له‌ خواردن ڕابگه‌یێنن.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49969

Your Comment

You are replying to: .
captcha