هێرشەکانی داعش لە کەرکووک و ناوچەی جێناکۆک زیادی کردووە

بەشی جیهان- بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، رێكخراوی داعش لە عێراق كۆتایی نەهاتووە تەنها شێواز و تەكتیكیان گۆڕیوە و چالاكییەكانیان لە کەرکووک و ناوچەی جێناکۆک زیادی كردووە و بەردەوام هێرش ئەنجام دەدەن.

کوردپرێس:

راپۆرتێک كە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن بڵاوی كردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە رێكخراوی داعش 99%ی ئەو زەوییانەی لە عێراق دەستیان بەسەردا گرتبوو، لەدەستیان داوە، بەڵام چەكدارەكانی مانگانە 75 هێرش لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدەن.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو رێكخراوە تەكتیكەكانی گۆڕیوە و زیاتر تەركیز دەخاتە سەر ئامانجە حكوومییەكان و رفاندن بۆ داواكرنی پارە و تیرۆركردن، هێرشەكانی لە كەركووكیش، كە ناوچەیێكی جێناكۆكە، زیادی كردوە، بەهۆی هێرشە خوێناوییەكانی لە ساڵی 2016دا، 6 هەزار و 217 كەس كوژراون، لەساڵی 2017شدا 5 هەزار و 339 كەس، هەروەها لەساڵی 2018دا تا مانگی ئۆكتۆبەر هەزار و 656 كەس كوژراون.

ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی روونیشی كردۆتەوە، 20 تا 30 هەزار چەكداری ئەو رێكخراوە لە عێراق و سووریادا بوونیان هەیە، كە نزیكەی 10 بۆ 15 هەزاریان لە عێراقدان، لە ئێستاشدا بەسوودوەرگرتن لە بارودۆخی نائاساییی عێراق و بوونی گەندەڵییێكی زۆر و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان ئەو چەكدارانە سەرقاڵی رێكخستنەوەی ریزەكانیانن، هەروەها سوودێكی زۆری لە گرژیە تایفییەكان وەرگرتوووە.

News Code 49968

Your Comment

You are replying to: .
captcha