کوردپرێس:
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی شەممە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، لە بەغداد چاوی کەوت بە حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ و گرنگترین گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کرا بە تایبەتی پێکهاتەی وەزارەتەکانی حکوومەت.
هاوکات بایەخی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و دەستنیشان­کردنی وەزیرەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پیشەیی دووپات کرایەوە و بەپێویست زانرا بۆ بەئاکام گەیشتنی ئەو ئامانجە ھەوڵەکان یەک بخرێن، داواش کرا هێزە سیاسییەکان پشتیوانیی حکومەت و بەرنامەکەی بکەن لە پێناوی خزمەت­کردنی هاووڵاتییاندا.
لە میانەی گفتوگۆکانیاندا لەو دیدارە دووقۆڵییەدا بەرهەم ساڵح پێویستیی کارکردنی هاوبەشی دووپات کردەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و کارکردن بۆ باشکردنی باری ئابووری لە وڵاتدا، ئاماژەی کرد بەوەى هەموو لایەنەکان لەبەردەم لێپرسراویەتییێکی هاوبەشدان بۆ بووژاندنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاستی راپەڕاندنی کاروباری حکوومی.
لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی ئاماژەی کرد بۆ گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و دۆزینەی میکانیزمێکی هاوبەش لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، ھەروەھا بایەخی لابردنی کۆسپەکانی بەردەم بە ئاکام گەیاندنی ئەم ئەرکە نیشتمانییەی خستە ڕوو.
Your Comment