پارتی: په‌له‌ له‌ پێکهێنانی حكوومه‌ت نه‌کرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامی ڕوونی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات و سه‌ركردایه‌تییێكی‌ ئه‌و حزبه‌ش داوا ده‌كات په‌له‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت نه‌كرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فازڵ به‌شاره‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "له ‌ئێستادا بارودۆخی سیاسی گۆڕاوه ‌و كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكوومه‌تیش جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ كابینه‌ی ڕابردوو به ‌جۆرێک كابینه‌ی بنكه‌فراوان و حكوومه‌تی (50+50) نامێنێت".

ناوبراو وتیشی‌: "قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابووری و شه‌ڕی گه‌وره‌ی تیرۆریستانی داعش نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش له ‌كابینه‌ی هه‌شته‌مدا ئاڵۆزییێكی ئێجگار گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند هه‌بوو، ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ ده‌چێت".

سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "پرۆگرامی كار و به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و پارتی جیاواز ده‌بێت".

فازڵ به‌شاره‌تی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد: "په‌یامی ڕوونی پارتی بۆ لایه‌نه‌كان، كوردستانێكی به‌هێز و دروست كردنی ئیداره‌یێكی به‌هێزی حوكمڕانیه‌ كه‌ جێگه‌ی ئومێد و دڵنیاییی خه‌ڵک و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بێت، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیش یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ گرنگییێكی مێژوویی ده‌بێت".

به‌شاره‌تی داوا ده‌كات "هاووڵاتییان و میدیا و لایه‌نه‌كانیش په‌له‌یان نه‌بێت له‌وه‌ی حكوومه‌ت زوو پێكبهێندرێت به‌ڵكوو پێداگری بكه‌ن كه‌ حكوومه‌تی تۆكمه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستێكی خێر پێكبهێندرێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49807

Your Comment

You are replying to: .
captcha