بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باسنیووزی رایگەیاندووە: "سەرەڕای قەیرانی دارایی و هاتنی کۆرۆنا، بەڵام لە رێگەی مۆڵەتدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە، سەرمایەگوزارییێکی باش کراوە، ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار مۆڵەت بە 74 پڕۆژە دراوە، پڕۆژەکانیش لە سێکتەرە جیاوازەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و بوارەکانی تردان".
روونیشی کردەوە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە پلانی گرنگی داڕشتووە و بەرنامە و پلانێکی درێژخایەنمان داڕشتووە، بۆ پلانی وەبەرهێنانی دە ساڵە (2020- 2030) و بەشێکی ئەم پلانە ئەمساڵ هەنگاومان بۆ ناوە، ئەویش راگەیاندنی 1055 پڕۆژە بوو، بەشی زۆری ئەو پرۆژانە پرۆژەی پیشەسازین، بە رادەیەک، پلانەکە 461 پڕۆژەی پیشەسازی لەخۆ گرتبوو".
جەختی کردەوە، بۆ ساڵی 2021 لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و پیشەسازیدا هانی وەبەرهێنانی هەندێک پڕۆژەی گرنگ دەدەین، وەکوو پرۆژەی راکێشانی بۆڕیی ئاوی خواردنەوە و بەنداو و پیشەسازیی خۆراک و پیشەسازیی پترۆکیمیایی و گازی سروشتی و رێگەوبان و چەندین پیشەسازیی دیکەی پلاستیکی و کەرەستەی بیناسازی".
زیاتر گوتیشی: "ئێستا کەرتی تایبەتیی کوردستان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان لە ئاکامی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی و گەورە کۆمپانیاکانی بیانی هەیانە، توانیویانە بیر لەو رێگا و شێوازی کارکردنانە بکەنەوە، کە لە رێگەیەوە بتوانن کێبڕکێی بەرهەمە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بکەن، بۆ ئەمەش زۆر لە کارگەکانمان ئامێر و تەکنەلۆژیای بەرز و پێشکەوتوو دەهێننە کوردستان و بوونی ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی باش، ئەم پلان و بەرنامانە خێراتر دەکەن".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیشی کردەوە: "لە بواری کشتوکاڵدا کار بۆ بەدامەزراوەیی کردن و هاتنی گەورە کۆمپانیاکان دەکرێت، بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ لەو شێوازە کلاسیکی و کۆنەوە بەرەو کەرتێکی پێشکەوتووی دامەزراوەیی و کۆمپانیایی ببردرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment