بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لە گفتووگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئیستیحقاقی کوردە و کوردیش کار بۆ وەرگرتنی دەکات، گەر پەرلەمان کۆبوویەوە و حکوومەت پێکهێنرا، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی، یەکێک لە خاڵەکانمان پۆستی پارێزگاری کەرکووکە."
جەختیشی کردەوە "جگە لە کەرکووک، پۆستی پارێزگار لە هیچ پارێزگایەکی عێراق بە وەکالەت بەڕێوەنابرێت، بۆیە دەبێت ئەم کێشە چارەسەر بکرێت."
ڕەوەند مەلا مەحمود وتیشی "پارێزگاری ئێستای کەرکووک نیەتی ڕۆیشتنی هەبێت بۆ پەرلەمانی عێراق یان نە، لای ئێمە گرنگ نیە، ئێمە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە ئیستیحقاقی خۆمان دەزانین و کار بۆ وەرگرتنی دەکەین."
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە پارتی بەفەرمی داوای ئەو پۆستەی کردبێت، وتی "پارتی بەفەرمی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووکی نەکردووە، هەندێک خەڵک لەخۆیەوە لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە داوە، ئێمە و پارتی تا ئێستا یەک تیمین بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان."
Your Comment