بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 27ی 12ی 2021، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی پەسەندکرد، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە پێشوازی خۆی بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەربری.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی یەکێتیدا هاتووە، بەناوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دەکەین، لە پەسەند کردنی دەرەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢١ رابردوو لە سەرتاسەری عێراق بەرێوەچوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، وێڕای ھەر تێبینییەک لەسەر پرۆسەکە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستھاتووی ھێزە براوەکان دەکەین.
وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: کاتێتی ھەموو لایەنەکان لەوڵاتەکەماندا ھیمەتی سیاسیی دەست پێبکەن بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە پێکھاتەی نوێیەوە و قەوارە و ھێزە سیاسییەکانیش ڕێوشوێنە دەستورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەگیانی پەرۆشی و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و ڕاوێژی پێویست بکەن لە پێناو پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کە تەحەددیاتی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی ڕەوتە دیموکراتییەکەی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەکوو ھێزەکانی کوردستانیش ئەرکی سەرشانیانە بەیەک ھەڵوێستی کوردستانییەوە ڕیزەکایمان پتەو بکەن بەرەو بەدەستھێنانی ئیستحقاقە نەتەوەییەکان و داکۆکی کردن لە شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا.
Your Comment