بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان له‌میانی وتارێکدا له کۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌کگرتووی خوشکان له سلێمانی رایگه‌یاند: "مه‌ینه‌تییه‌کانی کوردستان ملیان کردوه به یه‌کدا و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر و زه‌حمه‌تی زۆر، ته‌نانه‌ت بارانی ره‌حمه‌ت بوو به زه‌حمه‌ت بۆ براو خوشکانی هه‌ولێر، نازانین چیتریش به‌ڕێوه‌یه، گه‌نجانمان له‌سه‌ر سنووره‌کانی بیلاڕوسیا و له ده‌ریا ئیجه چاوه‌ڕوانی مه‌رگیانین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌کانیان بهێننه‌وه به ده‌ستکه‌وتی ده‌زانن".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "له‌وه خراتره ئه‌وه‌یه که به‌رده‌وام پاساو ده‌هێنرێته‌وه و پینه‌وپه‌ڕۆ ده‌کرێت و ره‌خنه‌گر یان به‌رهه‌ڵستکار یان ئه‌و که‌سه‌ی له‌گه‌ڵیان نه‌بێت تۆمه‌تبار ده‌کرێت ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێت دوچاری سزا ده‌کرێت، گرفتاریه‌کی گه‌وره‌یه و ناخۆشه و دوکه‌ڵی به‌چاوی هه‌موماندا چوه و ئاواتمان بۆ نه‌خواستوه و نه‌شمان ویستوه واده‌ربچێت، نه‌مان ویستوه حاڵه‌تی سیاسی و ئیداری ئه‌م هه‌رێمه بگاته ئه‌م ئاسته".
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین باسی له‌وه‌ش کرد، "بێمنه‌تی و گوێنه‌دان و ئاماده‌بوونی تۆمه‌تی ئاماده‌کراو به‌رده‌وامه، بێمنه‌تی گه‌یشتوه‌ته ئاستێک له‌کاتێک که لافاو که راسته حاڵه‌تێکی سروشتیه به‌ڵام هۆکار و که‌مته‌رخه‌مییه‌کان و هۆکاره‌کانی ده‌خوازێت به‌لانیکه‌م خه‌ڵک له وڵاتان پرسه و ماته‌مینی راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام لای ئێمه ئاهه‌نگه و پێشکه‌وتنه له دهۆک و سلێمانییه‌وه کێبڕکێ ده‌که‌ن که کامیان ئاهه‌نگی زۆرتر و په‌سه‌ندتر لای خه‌ڵکی بێگانه ئه‌نجام بدات، ئه‌مه شه‌رمه‌زارییه و بێمنه‌تییه‌که له ئاستێکی زۆر خراپدایه و ده‌سه‌ڵات خۆی گێل ده‌کات له ئاستی ئه‌م حه‌قیقه‌ته و خراپه".
Your Comment