بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ بە بەڕێوەچوونی هەڵبژادنی پەرلەمانی لە عێزاق، هێشتا هەنگاوێکی جیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دەست نیشان کردنی بەرپرسانی باڵا (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران) لەو وڵاتە هەڵنەگیراوە و موناقیشە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هێشتا درێژەی هەیە.
لەم نێوانەدا پێگەی کوردەکانی عێراق لە نێو حکوومەتی نوێدا، بە ئاوڕدانەوە لە زیاتر بوونی ژمارەی کورسییەکانیان یەکێک لە پرسە گرینگەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە. سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکان خاوەنی 63 کورسیی پەرلەمانی نوێی عێراقن هێشتا نەیەنتوانیوە ململانێ ناوخۆییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. کامران پالانی شرۆڤەکاری پرسی کورد لە ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکانی "الشرق" لە شیکاریێکدا پێگەی کوردەکان لە حکوومەتی ئایندەی عێراقدا تاوتوێ دەکات.
ناوبراو هەر لەسەرەتای وتارەکەیدا کە ماڵپەڕ ئەلجەزیرەی ئینگلیزی بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت ئەگەر کوردەکان بەشێوەی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا بەشداری بکەن دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن حکوومەتی داهاتوودا.
بەم حاڵەشەوە، ناوبراو ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لەسەر هەندێک پرسی گرینگ وەکوو دەست نیشان کردنی پاێزگاری کەرکووک، سەرۆک کۆماری عێراق و دیکەی پۆستە سیاسییەکان بە یەکێک لە لەمپەڕە جدییەکانی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی وەسف دەکات.
دکتۆر پالانی ئاماژەی داوەتە ڕێککەوتنە پێشووەکانی نێوان دوو حزبی، پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لەسەر پۆستە سەرەکییەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک و دەڵێت هێشتا لەسەر ئەم بابەتانە لەنێو ئەم دوو حزبەدا ناکۆکی هەیە.
ئەم شرۆڤەکارە ئاماژە بەوەش دەکات پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پاش ڕووداوەکانی ئاکتەوبری 2017 تێڕوانینێکی دیکەی بۆ پرسی دابەش کردنی پۆستەکان هەیە و بڕوای وایە کە دەتوانێت پشکی هەبێت لە هەندێک پۆستدا وەکوو پارێزگاری کەرکووک و سەرۆک کۆماری عێراق.
دکتۆر پالانی لەبارەی موناقیشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتییش دەڵێت: بەئاوڕدانەوە لەوەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتیی نیشتمانی و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات لەبارەی لاهوور شێخ جەنگییەوە یەک ڕوانگەیان هەیە و دژی وەستاونەتەوە، ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی لێکنزیک بوونەوەی پارتی و یەکێتی و کاریگەریی ئەرێنی هەیە.
ئەم شرۆڤەکارە بڕواشی وایە ئەگەر حزبە کوردییەکان ململانێی ناوخۆیی وەلابنێن و بە بەرەیەکی یەکگرتووەوە لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت و دیاری کردنی بەرپرسە سیاسییە باڵاکان بەشداری بکەن دەتوانن پێگەی خۆیان بەرز بکەنەوە و بۆ بەدەست هێنانی پۆستی زیاتر لە بەغدا و چەنەلێدان بۆ چارەسەر کردنی هەندێک پرس وەکوو بەشە بوودجەی هەرێم و کۆتایی هێنان بە موناقیشەی ناوچە کێشەلەسەرەکان کەڵک وەربگرن.
Your Comment