نەسعان ساڵح سیاسەتوان و لێکۆڵەری بواری سیاسەت و فەلسەفە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دوورنواڕی دانوستان لەنێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری کوردی و ڕایگەیاند: لەمبارەوە چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆبوونەوەیەک لە کۆبانی بەڕێوەچوو کە منیش بەشداریم تێدا کرد. لەرپرسانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات دەڵێن حکوومەتی ناوەندیی سووریا ئاوڕ لە دواکارییەکانی ئەوان ناداتەوە.
ناوبراو زیاتر وتی: هەم ڕووسیا و هەم دیمەشق دەیانەوێت کوردەکان تەسلیمی حکوومەتی ناوەندی بن و ئەمەش سیاسەتی ئەوانە لەبارەی باکووری سووریا. حکوومەت دەیهەوێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش 2011 و سیاسەتی پێشووی خۆی درێژە بدات.
نەسعان ساڵح ڕاشیگەیاند: ئیلهام ئەحمەد چەند جار سەردانی ڕووسیای کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریاش کۆبووەتەوە و دەڵێت مۆسکۆ لە ئێستادا زیاتر گوێیان بۆ ڕادەگرێت بەڵام تا ئێستا هیچ داهاتوویەکی گەش دیار نییە چوونکە چەندین هێز لەوان ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە سووریا بوونیان هەیە و ئاشکرا نییە کە ڕووداوەکان ڕوو لە کوێ دەکەن.
ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: ڕێککەوتنی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا لەگەڵ کوردەکان لێڵ و گوماناویە چوونکە ئەمریکا لە سووریا بوونی هەیە و پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکان هەیە و ئەمەش کێشە دەخولقێنێت.
نەسعان ساڵح جەختی کردەوە: ئەمریکا لە سووریا ناکشێتەوە. هەندێک کەس وەکوو مایز کوپلان لە کتێبەکەی خۆیدا گرینگایەتیی زۆر دەداتە سووریا و کێسینجێر لە ساڵی 1973دا ئاماژە دەکاتە گرینگ بوونی سووریا بۆ ئەمریکا و دراوسێیەتی لەگەڵ ئیسرائیل و دەڵێت "ئەگەر دەتەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنیتەوە دەبێت لە دیمەش بوونت هەبێت".
Your Comment