بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشگەیشت و لە نامەکەدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەخت لە گرنگیی بەردەوام بوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە.
لە بەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش دەکەین و بە ڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە بواری ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا.
لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە لە سەر بنەمای بەها و ڕێزگرتنی هاوبەش. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین. سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە.
Your Comment