کوردپرێس:
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە دیدار لەگەڵ شێخ تەحنوون بین زاید ئالی نەهیان ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشمانیی ئیمارات ئاماژەی بە مێژووی پێوەندیی ئیجابیی دوو وڵاتەکە کرد و گوتیشی: پێوەندیی ئیجابیی وڵاتانی هەرێمی لە یەکەمایەتیی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێی ئێرانە و لەو چوارچێوەیەشدا پێشوازی لە فراوان کردنی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات دەکات.
سەرۆککۆماری ئێران زیادی کرد: لە پێوەندیی دوو وڵاتی موسڵمانی ئێران و ئیماراتدا نابێت ئاستەنگ بمێنێت و ئەو پێوەندییە کاریگەری لە تەداخول و دەستوەردانی بێگانەکان وەربگرێت.
ڕەئیسی گوتیشی: سیاسەتی دوژمنانی وڵاتانی هەرێمی ئەوەیە ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو دراوسێکان دروست بکەن بەڵام ئەو پیلانە بە عەقڵ و تێگەیشتنی هاوبەش پووچەڵ دەبێتەوە.
لای خۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیماراتیش گوتی: ئێمە ڕۆڵەی ئەم ناوچەیەین و خاوەنی یەک چارەنووسی هاوبەشین و پێشوازی دەکەین لە فراوان کردنی پێوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە.
شێخ تەحنوون بین زاید ئال نەهیان ئاماژەی بە دانووستانی تێروتەسەلی خۆی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کرد و گوتیشی: ئەو دیدارانە دەبنە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەدا.
هەر لە دیدارەکەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات بە فەرمی بانگهێشتنامەی پێشکەش بە سەرۆککۆماری ئێران کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیمارات بکات.
Your Comment