کوردپرێس:
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاندوە"وتەكانی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە".
وەزارەتى پێشمەرگە ئاماژەى بەوەشکردوە، وەزیرى بەرگرى تورکیا خۆی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟
لە راگەیەنراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە"ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە".
هەروەها وەزارەتى پێشمەرگە جەختیکردوە، عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات.
لە چەند رۆژی رابردوودا خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ھیچ جوگرافیایەک نییە بە ناوی کوردستانەوەو ماوەی سێ رۆژ بەسەر لێدوانەکەدا تێپەڕیوە ھیچ بەرپرسێکی ھەرێم قسەی لەسەر وتەکەی خلوسی ئاکار نەکردبوو.
لە دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە شارپرێس لەسەر بێدەنگی بەرپرسان و دەزگا فەرمیەکانی ھەرێم وەزارەتی پێشمەرگە وەک یەکەم لایەنی فەرمی وەڵامی قسەکانی خلوسی ئاکاری دایەوە.
Your Comment