کوردپرێس:
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت. بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا تاووتوێ کراوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هەن و لە بارودۆخێکی سەختدان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییێکی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە، گوتیشی "بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکیی نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەوروپا". ئاماژەی بەوەش داوە، هەرێمی کوردستان ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.
مەسرور بارزانی و ماتێیۆش مۆراڤیتسکی گفتوگۆیان دەربارەی رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد، هەردوولا هاوڕابوون کە "کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانیی تاوانێکی رێکخراو"، لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو رێکارانەی کرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و رێکاری تووند و پێویست لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش دەربڕیوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو رێکارانەی پێویستن بۆ "رێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ"، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە بێلاڕووس، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا، "ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە رێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن".
Your Comment