ئێران ناوچه‌یێكى بازرگانى ئازاد له‌سه‌ر سنوورى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌

بەشی ئێران/ کوردی- سه‌ركونسوڵى ئێران له‌ سلێمانى ڕایده‌گه‌یێنێت "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامیان هەیە و لە هەوڵی كردنەوەی زیاتری دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەردوولاداین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدوڵڵا مەسعوودیان لە لێدوانێكیدا به‌ ئاژانسی ئانادۆڵى ڕاگه‌یاند ئەو هەوڵانەی لەلایەن خەڵكی عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ كردنەوەی خاڵى سنوورى نوێ دەدرێن لە نێوان سنوورى ئێران و هه‌رێمى كوردستان نیشانەی ئەوەیە كە بە پەرۆشن و بە پێویستی دەزانن".

ناوبراو وتیشى زۆرینەی‌ لایەنه‌ پەیوەندیداره‌كانی دەسەڵاتی خۆجێیی هه‌رێمى كوردستان و عێراق ئامادەیی كردنەوەی ئەو مەرزانەیان هەیە و هیوای خواست هەردوو لایەنی پەیوەندیداری بەغدا و تاران بتوانن لە سنووری هەڵەبجەش مەرزێكی نێودەوڵەتی فەرمی و خاڵى سنوورى نیمچه‌ فه‌رمیش بكەنەوە و لە بەشەكانی باكوور و باشووری سلێمانی ئەو جۆرە بازاڕانە فراوان بكرێن".

سه‌ركونسوڵى ئێران له‌ سلێمانى ئه‌وه‌شىی خسته‌ڕوو کە ئێران لە بەرنامەیدایه‌ كە ناوچەیێكی بازرگانیی ئازاد بكاتەوە و پەرلەمانیش بڕیاری لەسەرداوە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێک رێكاری یاسایی هەیە بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە بەیەكجاری ئەنجام بدرێت، ئەو رێكارانەش رەنگە یەک یان دووساڵی تر بخایەنێت و كاتی پێویستە بۆ جێبەجێ كردن و كردنەوەی، بەڵام ئەو هیوایە هەیە كە مەرزی مەریوان و بانە لە خاڵی باشماخ ئەو ناوچەیەی بازرگانی ئازاد لەخۆ بگرێت".

كۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەشت خاڵی سنوورییان هەیە، لەوانەش مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەندێک خاڵى سنوورى نافه‌رمیش وەک سەیرانبەن و شوشمێ و كێلێ‌ هەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39853

Your Comment

You are replying to: .
captcha