بەهۆی بوومەلەرزەوە دوو کەس لە کەلار گیانیان لەدەست دا و 52 برینداریش هەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی کەلار دوای ئەوەی بەهۆی شۆکی بوومەلەرزە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن، دوای ماوەیێک مانەوە و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، گیان لەدەست دەدەن.

کوردپرێس:

کاتژمێر 8 و 7 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 25-11-2018، بەرانبەر بە 4ی سەرماوەزی 1397ی هەتاوی بوومەلەرزەیێک لە شاری سەرپێڵ زەهاوی کرماشان بە گوڕی 6.4 بەپێی پلەی ڕیختەر لە قووڵاییی 5 کیلۆمەتریی زەویدا ڕووی دا.

لە هەرێمی کوردستانیش بوومەلەرزەکە گوڕی زۆر بوو و کاژێر 10:30 خولەکی ئەمشەو 25-11-2018، دوو لەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرابوون، گیانیانلەدەست دا. ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە ژن و پیاوێکن و دانیشتووی شارۆچکەی رزگارین لە سنووری قەزای کەلار، پیاوەکە ناوی محەممەد فەتاح رۆستەمـە و تەمەنی 68 ساڵە، ژنەکەش ناوی فەخریە عەبدولکەریمە و تەمەنی 70 ساڵە.

تەنیا لە سنووری گەرمیان بەهۆی کاریگەریی بوومەلەرزەکە 52 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئارام ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رایگەیاند: " تاوەکوو ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 52 کەس هاتوونەتە نەخۆشخانەکەمان و لەو ژمارەیەش دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و سێ حاڵەتی شکاویش هەن".

بەپێی زانیارییەکان، جگە لەوەی 52 کەس لە کەلار رەوانەی نەخۆشخانەکراون، 42 کەسی دیکەش لە خانەقین بەهۆی کاریگەریی بوومەلەرزەکە لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: " کاژێر 7:37 خولەکی شەوی (یەکشەممە 25-11-2018) بە کاتی هەرێمی کوردستان بوومەلەرزەیێکی بەهێز لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، چەقی بوومەلەرزەکەش لە سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان بووە".

News Code 39844

Your Comment

You are replying to: .
captcha