سەرۆک کۆماری عێراق لە ئیتالیا: پەیوەندیەکانی عێراق دەتوانێت دەوڵەتانی ناوچەکە پێکەوە ببەستێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح لە وتارێکیدا کە لە کۆنگرەی دیالۆگەکانی میدیترانە لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا پێشکەشی کرد رایگەیاند شکستی سەربازی داعش و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لە بەغداد خاڵی وەرچەرخانن لە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی کرد بۆ رۆڵی میحوەریی ئێستا و مێژویی عێراق و وتی عێراق بە درێژایی هەزاران ساڵ سەنتەر و چەقی گۆڕانکارییەکان بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆربەی کاتیش هاندەرو فاکتەری سیستمە ئیقلیمییەکان بووە.

ناوبراو گەشبینیی خۆی نیشان دا کە ئێستا دەرفەتێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی رەوتی وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی و ئۆقرەیی بڕوات.

لەوتارەکەیدا بەرهەم ساڵح دووپاتی کردەوە پێویستە ناوچەکە بە سیسته‌مێکی ئەمنی سەقامگیر و پتەودا بڕوات، لە پێناوی روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکان، لەو روەشەوە بایەخی ئەو ئۆقرەیەی بۆ عێراق و ناوچەکە و جیهان خستە روو.

سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی: عێراق سەنتەرێکی ستراتیژیی گرنگە کە جیهانی عەرەبی دەبەستێتەوە بە ئێران و تورکیا و ناوچەی کەنداویش بە ئەورووپاوە، بۆیە پەیوەندیەکانی عێراق دەتوانێت دەوڵەتانی ناوچەکە پێکەوە ببەستێتەوە تا ببێتە سەنتەر و ناوجەرگەی رێگای ئاوریشمینێکی نوێ بەرەو دەریای ناوەڕاست، بۆ ئەوەی عێراقیش ئارام و سەرکەوتوو بێت پێویستی بە سیسته‌مێکی هه‌رێمایه‌تی هەیە تاوەکوو ئەم ئارامییە لە ئامێز بگرێت و چاودێری بکات.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە عێراقییەکان ساڵانێکە بێزار و وەڕسن بەهۆی ململانێکان و شکستهێنان لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکاندا، بۆیە عێراق لە ئێستا پێویستی بە دابین کردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک کارەبا و ئاو و سەرلە نوێی ئاوەدان کردنەوەی ئەوشوێنانەیە کە لەکاتی جەنگدا دژی داعش وێران بون و هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەبووەکان بۆ زێدی خۆیان.

سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39794

Your Comment

You are replying to: .
captcha