فوئاد حوسێن: سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی بۆ به‌غدا کاریگه‌رییێکی زۆری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- د. فوئاد حوسێن له‌باره‌ی سه‌ردانی مه‌سعوود بارزانی بۆ به‌غدا و کۆبوونه‌وه‌کانی ده‌ڵێت: "سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی نیشانه‌یێکی سیاسیی گرنگه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. فوئاد حوسێن وه‌زیری داراییی عێراق و جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی کاریگه‌رییێکی زۆری ده‌بێت چوونکه‌ ماوه‌یێکی زۆره‌ نه‌هاتوووه‌ته‌ به‌‌غدا و هاتنیشی نیشانه‌یێکی سیاسیی گرنگه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و هه‌روه‌ها پشتگیرییێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ حکوومه‌تی تازه‌ی عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی".

فوئاد حوسێن ده‌رباره‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌سعوود بارزانی گوتی: "له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیران، شاندی حکوومه‌تی فیدراڵی و زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی عێراقی کۆ ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ به‌غدان. ئه‌جێندای سه‌ردانه‌که‌ش په‌یوه‌ندی به‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی فیدراڵ و په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزه ‌سیاسییه‌کانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌".

وه‌زیری داراییی عێراق گوتیشی: "عادل عه‌بدلمه‌هدی سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی پێخۆشه‌ و چه‌ند ڕۆژێکه‌ ئاگاداری سه‌ردانه‌که‌یه‌ تاوه‌کوو له‌ شوێنی کاره‌که‌ی پێشوازی له‌ مه‌سعوود بارزانی بکات".

فوئاد حوسێن ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ زیادکردنی به‌شه‌بودجه‌ی 2019ی هه‌رێمی کوردستان گوتی: "چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یێک له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌کان و شاندی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی دارایییه‌وه‌ کراون. ئه‌وان به‌ کۆمه‌ڵێک پێشنیاز هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ئێمه‌ هه‌موو پێشنیازه‌کانمان وه‌رگرتوون، به‌ مه‌زه‌نده‌ی من یه‌کێک له‌و پێشنیازانه‌ی ئه‌وان ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ بودجه‌ی عێراق".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "شاندی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر له‌ 17%ی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانیان پێشنیاز نه‌کردوووه‌، به‌ڵکوو شاندی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ هاتوونه‌ته‌ به‌غدا سێ بۆ چوار پێشنیازیان خستوونه‌ته‌ڕوو که‌ یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه‌ به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌شه‌بودجه‌ی 2019ی عێراقدا بکرێته‌وه‌ به‌ 17%. ناوه‌ڕۆکی پێشنیازه‌کانی دیکه‌ش جێده‌هێڵم بۆ ئه‌وه‌ی شانده‌که‌ خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن که‌ هه‌ر هه‌مووی له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی کوردستانه."

فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "بابه‌تی دارایی په‌یوه‌ندی به‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌. وایده‌بینم په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ره‌و پێشتر ده‌چن. سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌لیلی ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌یه‌. له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌که‌ پشتیوان به‌ خودا په‌یوه‌ندی دارایییش باش ده‌بێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39780

Your Comment

You are replying to: .
captcha