کوردپرێس:
لەو چەند مانگەی ئەخیردا ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی عێراق لە ڕێگای کونسووڵخانەی بیلاڕووسەوە لە هەولێر و باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق ڤیزەی گەشت کردن بۆ بیلاڕووسیان وەرگرتووە و پاش ئەوەی گەشتوونەتە مەنزڵ هەوڵیان داوە لە ڕێگای هەنگاریاوە بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆن بەڵام دەوڵەتی هەنگاریا سنوورەکانی بە ڕووی ئەو هاووڵاتییانەدا داخست.
کۆچ کردنی بە لێشاوی هاووڵاتییە کوردەکان بۆ بیلاڕووس لە ڕوانگەی ئەورووپاوە دیاردەیێکی بەئەنقەستە بۆ نائەمن کردنی ئەو کیشوەرە. دەوڵەتی عێراقیش لە وەڵامدا کونسووڵخانەی بیلاڕووس لە هەولێر و باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی لە بەغدا داخست. ئێستا ژمارەیێکی زۆر هاووڵاتیی کۆچەر کورد لە سنوورەکانی بیلاڕووس و هەنگاریا گرفتار بوون. نە دەوڵەتی هەنگاریا ڕێگەیان پێدەدات لەو وڵاتە بمێننەوە و نە دەوڵەتی بیلاڕووسیش ڕێگەیان دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.
ڕۆژنامەی گاردیەنی چاپی بەریتانیا نووسیی ژمارەیێکی بەرچاوی کۆچبەرەکان هاووڵاتیی کوردی عێراقن کە یان لە بۆردومانەکانی تورکیا هەڵاتوون یان خود لە شەڕ و ململانێی ناوخۆی کورد وەڕەز بوون و ڕێگای سەفەر و کۆچبەرییان گرتۆتە بەر بەڵکوو ڕزگاریان بێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی گاردیەن هەر یەکە لەو کەسانە 12 بۆ 15 هەزار دۆلاریان تا بیلاڕووس سەرف کردووە بەڵام ئێستا لە شەڕی سیاسیی نێوان بیلاڕووس و ئەورووپا گرفتار بوون.
Your Comment