ئه‌ردۆغان: ڕووسیا دۆستێکی متمانه‌پێکراو و دابینکارێکی گرنگیی گازی سروشتییه

به‌شی تورکیا- سه‌رکۆماری تورکیا گوتی: بۆ ئێمه‌ ڕووسیا دۆستێکی متمانه‌پێکراوه‌ که‌ ده‌توانین هاریکاریی دوورمه‌ودای له‌گه‌ڵدا بکه‌ین و دابینکارێکی گرنگیی گازی سروشتییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ میانی به‌شداری کردنی له‌ "ڕێوره‌سمی ته‌واوبوونی به‌شی ناو ده‌ریای ته‌وژمی تورک" گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌ میوانداریی کردنی ڤلادیمیر پووتین سه‌رۆکی ڕووسیا و شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی و ڕای‌گه‌یاند: "پرۆژه‌ی ته‌وژمی تورک که‌ له‌ سێ به‌ش پێکدێت بریتین له‌ هه‌ریه‌ک له‌ به‌شه‌کانی وشکانیی ڕووسیا، ده‌ریاییی ڕووسیا و وشکانیی تورکیا و له‌ دوای تێست کردنی له‌ ساڵی ٢٠١٩دا ئاماده‌ ده‌بێت بۆ به‌کارهێنان".

سه‌رکۆماری تورکیا ڕاشیگه‌یاند: "لێره‌دا كۆ بووینه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌واهیدان له‌سه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ی نوێ كه‌ نراوه‌ له‌ بواری هاریكاری وزه‌ وه‌ک باسكردنێک له‌و ئاسته‌ باڵایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ڕووسیای پێگه‌یشتوووه‌."

ناوبراو گوتیشی: "به‌ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌ی هێڵی بۆری غازی سروشتی ته‌وژمی توركی كه‌ به‌ نێو ده‌ریادا تێده‌په‌ڕێت و گه‌یشتنی به‌ وڵاته‌كه‌مان، ئه‌مڕۆ له‌ خۆشییێكی جیاوازدا ده‌ژین. به‌و شێوه‌یه‌ش ئیدی ئه‌م پرۆژه‌ مێژوویییه‌ كه‌ له‌ 2014دا یه‌كه‌م هه‌نگاومان بۆ هه‌ڵنا و له‌ 2016دا به‌ ڕێككه‌وتنێک له‌ نێوان حكوومه‌ته‌كاندا چوارچێوه‌ی به‌رجه‌سته‌مان بۆ كرد گه‌یشتوووه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی. ته‌وژمی توركی كه‌ له‌گه‌ڵ دۆستانی ڕووسماندا هه‌وڵێكی زۆرمان بۆ داوه‌ له‌ ڕووی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانمان و جیۆپۆلۆتیكی وزه‌ی ناوچه‌كه‌مانه‌وه‌ پرۆژه‌یێكی مێژوویییه‌."

ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ش كرد له‌و به‌شه‌ی پرۆژه‌كه‌دا كه‌ به‌ ده‌ریادا تێده‌په‌ڕێت و ته‌واو بوووه‌ دوو هێڵی بۆری به‌ درێژاییی 930 كم به ‌شێوه‌یێكی هاوته‌ریب و له‌ قووڵاییی دوو كم دانراون و له‌و به‌شه‌ی هێڵه‌كه‌ ده‌گات به‌ وشكایی له‌ تێرمیناڵی كییكۆی كاره‌كان به‌وپه‌ڕی خێرایی به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ پرۆژه‌ی ته‌وژمی تورک که‌ ساڵانه‌ 31 ملیار و 500 ملیۆن مه‌تر سێجا گازی سرووشتیی ده‌گوازێته‌وه‌، ته‌نها بۆ وڵاته‌که‌یان و بۆ گه‌له‌که‌یان نا به‌ڵکوو بۆ دراوسێکانیان و بۆ ناوچه‌که‌یان سوودی زۆری هه‌یه‌ و پلانیان وایه‌ لانیکه‌م نیوه‌ی ئه‌و گازه‌ سرووشتییه‌ی له‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ دێت بگه‌یێننه‌ ئه‌ورووپا.

سه‌رکۆماری تورکیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ فشاری پێشێل کردنی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت یان ده‌وڵه‌تان و ڕێگری کردن له‌وه‌ی که‌ بتوانن خزمه‌تی دانیشتوانیان بکه‌ن سوودی بۆ هیچ که‌سێک نابێت و ڕایگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ ڕووسیا دۆستێکی متمانه‌پێکراوه‌ که‌ ده‌توانین هاریکاریی دوورمه‌ودای له‌گه‌ڵدا بکه‌ین و دابینکارێکی گرنگیی گازی سروشتییه‌. له ‌ساڵی 1987ه‌وه‌ تا ئێستا، توركیا بڕی 387 ملیار مه‌تر سێجا گازی سروشتیی له‌ ڕووسیا كڕیوه‌ و ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی وزه‌مان هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌یێكی تێپه‌ڕاندوووه‌. هاوکات ئه‌مه‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ بواری وزه‌دا، هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ بواره‌کانی دیکه‌دا، هه‌موو جۆره‌ ئاسته‌نگ و تاقیکردنه‌وه‌یێکیان بڕیوه‌".

ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ئه‌نجامی دۆستایه‌تیی دوور و درێژی نێوان تورکیا و ڕووسیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ھه‌ر دوو لایه‌ن بوووه‌ و گوتیشی: "ئێمه‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ھه‌رگیز له‌سه‌ر داواکاری و سه‌پاندنی وڵاتانی دیکه‌ دیار نه‌کردوووه‌. ھه‌میشه‌ ھه‌وڵی بونیادنانی ھه‌ماھه‌نگی کارکردنی مه‌ودادرێژ بووین له‌گه‌ڵ ڕووسیا، له‌گه‌ڵ دۆسته‌ ڕووسییه‌کانمان بۆ ناوچه‌که‌مان و جیھان و ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌قامگیری و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری پێکه‌وه‌ کارمان کردوووه‌. ئه‌م ھه‌ڵوێسته‌ ھاوبه‌شه‌ی ئێمه‌ له‌ سووک کردنی قه‌یرانی مرۆییی سووریا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه."

ئه‌ردۆغان گوتی: ھه‌ماھه‌نگیی تورکیا له‌گه‌ڵ ڕووسیا به‌ شێوه‌یێکی گشتگیر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له‌ پاڵ پڕۆژه‌ی تورک ئاکم، پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ناوه‌ندی ھێزی ناوه‌کی ئاککیویان داناوه‌.

ئه‌ردۆغان له‌ کۆتاییی گوتاره‌که‌یدا گوتیشی: "لێره‌وه‌ زۆر زۆر سوپاسی پووتین و شانده‌که‌ی ده‌که‌م به‌ھۆی پشتیوانییان له‌ پڕۆژه‌ی تورک ئاکم بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ و پێموایه‌ ھه‌ماھه‌نگیمان له‌گه‌ڵ پووتین و گه‌لی ڕووسیا ده‌بێته‌ ھۆکاری ده‌ست پێکردنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌تر بۆ وڵاته‌که‌مان."

لای خۆشیه‌وه‌ ڤیلادیمیر پووتین وتی: "ئێمه‌ شایه‌تحاڵی کۆتایی هاتن به‌ پرۆژه‌یێکی زۆر گرنگ ده‌بین که‌ به‌ڵگه‌ی به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ کاری پێکه‌وه‌یی له‌ نێوان ڕووسیا و تورکیا."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39715

Your Comment

You are replying to: .
captcha