کوردپرێس:
ئۆیڵ پرایز و فایننەشاڵ تایمز هەردووکیان نووسیویانە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کرەکووک بە ڕێژەی 20 بۆ 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کارتێکەریی ئەوتۆی لە نرخی نەوتدا نابێت.
پاش یەک ساڵ موناقەشە و گرفتی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک کۆتاییی پێهات و هەناردەکردن دەستی پێکردەوە.
ساڵی 2014 پاش ئەوەی داعش هێرشی کرد سوپای عێراق کەرکووک ناوچەی جێناکۆکی چۆڵ کرد و پێشمەرگە شکستی بە داعش هێنا و دەسەڵاتی لە ناوچەکە بەدەستەوە گرت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێڵێکی بۆریی نەوتیی بە درێژاییی 30 کیلۆمەتر چێ کرد و لە ڕێگای بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک کرد و تا پێش 2017 کە سوپای عێراق گەڕایەوە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە کەرکووکەوە بەرەو تورکیا هەناردە دەکرد و پاش 2017 داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێژە 50 لە سەد دابەزی.
حەفتەی ڕابردوو میدیاکان ڕایانگەیاند لە سەر گوشاری ئەمریکا، بەغدا و هەولێر لە سەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک ڕێککەوتوون و بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژانە 20 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا هەناردە دەکرێت.
میدیاکانی کەرتی نەوت بڕوایان وایە ڕەنگە ئەو ڕێککەوتنە لە ڕواڵەتدا لەباری سیاسییەوە بە قازانجی ئەمریکا شکابێتەوە بەڵام شوێندانەر نابێت لە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
ڕۆیتەرز لە زاری عاسم جیهادەوە نووسیویەتی ئێستا 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە کەرکووکەوە نەوت هەناردە دەکرێت و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو ڕێژەیە بە ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی خۆی زیاد ناکات.
ئۆیڵ پرایزیش نووسیویەتی ئەگەرچی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردۆتەوە بەڵام دەورێکی ئەوتۆ نابینێت لە نرخی جیهانیی نەوتدا.
شوان زەلال توێژەری کەرتی نەوت و وزە لە پەیمانگای کاردۆچی بە فایننەنشاڵ تایمزی وتووە تا ئەو کاتەی بەغدا و هەولێر نەگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک کارتێکەریی ئەوتۆی نابێت.
Your Comment