تا ئێستا هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى ئێزیدییه‌کان ڕێکنه‌که‌وتوون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- تا ئێستا حکوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ئیزدییه‌کان ڕێكنه‌كه‌وتوون که‌ به‌پێی دوایین ئامار زیاتر له‌ ٧٠ گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ هه‌یه‌ که‌ به‌شی زۆری ئه‌و ڕووفاتانه‌ی تیایاندایه‌ ئێزدین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ره‌ڤان حه‌مدی بریكاری وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یێكی باڵاوه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگیدان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وڵاتانی هاوپه‌یمان كه‌ دادگایێکی تێكه‌ڵ یاخود دادگایێكی نیشتمانی دروست بكرێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی که ‌داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامی داون به‌تایبه‌ت كه‌یسی جینۆسایدی ئێزدییه‌کان .

ناوبراو وتیشی: تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق ڕێكنه‌كه‌وتوون بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كانی شنگال.

عیدۆ بابه‌شێخ چالاکی ئیزیدییه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: ده‌چنه‌ لای حکوومه‌تی هه‌رێم پێیان ده‌ڵێن به‌غدا ڕێگه‌ نادات گۆڕه‌کان هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و حکوومه‌تی ناوه‌ندیش ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌رێم هه‌ڵیان بداته‌وه‌.

ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ به‌شێک له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان به‌هۆی گۆڕانکاریی که‌شوهه‌واوه‌ ئێسک و پرووسکه‌که‌یان ده‌رکه‌وتوووه‌ و تا ئێستاش دیار نییه‌ که‌ی هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌.

پێشتر لیژنه‌ی باڵای جینۆسایدی ئێزدییه‌کان ڕایگه‌یاندبوو که‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوانی باشبوونی ڕه‌وشی داراییی هه‌رێم ده‌که‌ن ئه‌وکاته‌ گۆڕه‌کان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بێت.

له‌ ئێستادا دوو جۆر گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كاریان له‌سه‌ر ده‌كات؛ به‌شێكیان هی ئه‌و تاوانان كه‌ ڕژێمی به‌عس ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد كردوونی كه‌ تا ئێسته‌ نزیكه‌ی 64 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار و 258 ڕووفات له‌و گۆڕانه‌ ده‌رهێنراون و تا ئێستاش گه‌ڕانی به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانه‌ی كه‌ ماوه‌ و به‌شێكیی دیكه‌ی گۆڕه‌كان هی سه‌رده‌می هاتنی داعشه بۆ ناوچه‌ی نه‌ینه‌وا كه‌ 200 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵه‌ و شنگالیش كه‌ تا ئێستا 70 گۆڕ ته‌لبه‌ن كراون و ئاماده‌ كراون بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39682

Your Comment

You are replying to: .
captcha