پارتی: بۆ پێكھێنانی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بیروڕامان لێک نزیكه‌/ نامانه‌وێت ھیچ لایه‌نێک په‌راوێز بخرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندی پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ سلێمانی کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا پارتی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت بیروڕای ئه‌و دوو حیزبه‌ لێک نزیکه‌ و نایانه‌وێت هیچ لایه‌نێک په‌راوێز بخرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووهه‌می 2018 پارتی و یه‌کێتی کۆ بوونه‌وه‌ و دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ سلێمانی، له‌ كۆنگره‌یێكی ھاوبه‌شدا مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

مه‌حموود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی ڕای‌گه‌یاند: "ده‌مانه‌وێت بۆچوونێكی ھاوبه‌ش بۆ پێكھێنانی حكوومه‌ت دروست بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت ئارامی سیاسی له‌ ھه‌رێمی كوردستان به‌رقه‌رار بێت كه‌ ببێته‌ ھۆی بووژانه‌وه‌ی ئابووری و ژیانی خه‌ڵک".

ناوبراو گوتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتی بیروڕامان گۆڕییه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێک بیروڕای ھاوبه‌شمان ھه‌یه‌ و زۆر لێک نزیكن و له‌و بڕوایه‌داین له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داھاتوودا كۆتایی به‌و بابه‌ته‌ بێنین".

وته‌بێژی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ھه‌ر ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆ ده‌بینه‌وه‌ و له‌ ڕۆژانی داھاتووشدا سه‌ردانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری له‌ حكوومه‌ت بكه‌ن، ئێمه‌ نامانه‌وێت ھیچ لایه‌نێک په‌راوێز بخرێت".

مه‌حموود محه‌مه‌د ڕاشیگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێت كابینه‌یێک پێكبهێنین كه‌ گوزارشت له‌ خواست و داخوازیی ھه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بكات و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ خه‌ڵكمان داوه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ین".

سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا گوتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ چۆن بتوانین سوود له‌ ھه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ربگرین، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای كاری ھاوبه‌شمان له‌ ڕابردوو، ھه‌روه‌ھا سوود وه‌رگرتن له‌ ھه‌ڵه‌كانی له‌ كابینه‌ی داھاتوودا كار بكه‌ین".

ناوبراو جه‌ختی كرده‌وه‌: "وه‌ک یه‌كێتی ھێڵی سوورمان له‌سه‌ر ھیچ لایه‌نێک نییه‌ كه‌ بیانه‌وێت به‌شداری له‌ حكوومه‌ت بكه‌ن".

سه‌عدی پیره‌ گوتیشی: "كابینه‌ی داھاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای گونجاندنی به‌رنامه‌ی ھاوبه‌ش ده‌بێت بۆ پاراستنی ئه‌زموونی ھه‌رێمی كوردستان و خزمه‌ت كردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39627

Your Comment

You are replying to: .
captcha