سه‌فین دزه‌یی: سزاکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: سزاکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش ده‌بێت چوونكه‌ دراوسێی ئێرانه‌ و ئاڵوگۆری بازرگانیش هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا و جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر بڕیارێک بۆ عێراق ده‌ربچێت هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌ چوونکه‌ هه‌رێم به‌شێکه‌ له‌ عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی تشرینی دووهه‌می 2018 سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریکامان بۆ سه‌ر ئێران پێ باش نییه‌ چوونکه‌ کاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و عێراقیش پابه‌ندی بڕیاره‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌بێت و داوا ده‌که‌ین پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان نه‌خرێته‌ ناو ئه‌و هاوکێشه‌ سیاسییانه‌وه‌".

وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ لابردنی خاڵه‌ گومرکییه‌کانیش دووپاتی کرده‌وه: بڕیاره‌ خاڵه‌ گومرکییه‌کان له‌ نێوان شاره‌کانی هه‌رێم و عێراقدا لاببرێن چوونکه‌ زیان به‌ هاووڵاتییان و بازرگانان ده‌گه‌یه‌نێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌ کرد که‌ هه‌بوونی ئه‌و خاڵه‌ گومرکییانه‌ نایاسایین و هه‌رێمی کوردستان به‌شێکه‌ له‌ عێراق بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان ئه‌و خاڵانه‌ دابنرێن.

سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌و خاڵانه‌ زیاتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند گرووپێکی میلیشیان که‌ سوودی لێوه‌رده‌گرن و زیان به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌که‌ و هه‌رێمی کوردستان و بازرگان ده‌گه‌یه‌نن."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ ده‌کرێت ئه‌و ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ی له‌ که‌رکووک ماوه‌ له ‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بڕواته‌ تورکیا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ خراوه‌ته‌ روو و هیوادارن بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ بکرێت.

ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ پێشتر ساماڵ عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ له ‌دوای کۆبوونه‌وه‌یان له‌ 6 و 7ی ئه‌م مانگه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی گومرکی عێراق له‌سه‌ر 27 خاڵ ڕێكکه‌وتین بۆ هه‌ڵگرتنی سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان شاره‌كانی هه‌رێم و عێراق.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39560

Your Comment

You are replying to: .
captcha