بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرات بڵاوی کردەوە کە لەو كۆبوونەوەیەدا كە تورهان موفتی، ڕێكخەری گشتیی كاروباری پارێزگاكان و بریكاری وەزارەتی دارایی و ژمارەیێک لە پارێزگاران و سەرۆكی فەرمانگەكانی دارایی لە وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پێداویستییەكانی هەموو ئەو لایەنانە باسی لێوە كرا كە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بوون، هاوكات تیشک خرایە سەر دووبارە دیراسە كردنی پرۆژەیاسای بوودجە لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێكار بەر لەوەی ئەم پرۆژەیە بخرێتە گفتوگۆ لە لایەن حكوومەتەوە.
لەو بارەیەوە شیروان دوبردانی نوێنەری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: نوێنەرانی کوردی پەرلەمان جەخت لەسەر پشکی 17%ی بۆ کوردەکان لە بوودجەی 2019 دەکەن و هەروها دابین کردنی بوودجە بۆ هێزی پێشمەرگە و پشکی پاڵپشتی کردنی جووتیارانی هەرێم کە لە ساڵانی ڕابردوودا خەرج نەکراوە دەبێت لە بوودجەی نوێدا لەبەرچاو بگیردرێت.
شیاوی باسە ئەم پرۆژەیاسایە لە لایەن حكوومەتی پێشووەوە ئامادە كرابوو و لەم بارەیەوە فواد حسێن وزیری دارایی عێراق دووپاتی لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم یاسایە كرد لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پرۆگرامە حكوومییەی سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر كرد كە پشت بە هەبوونی بناغەیێكی پتەو بۆ بنیادنان و ئاوەدان كردنەوە و پێكشەش كردنی خزمەتگوزاری و وەستان لە دژی گەندەڵی دەبەستێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment