یەکەم فستیڤاڵی میدیا کوردییەکان لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دایرەی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند یەکەم فستیڤاڵی میدیا کوردییەکان بە بەشداریی چوار پارێزگای کوردنشینی ئێران و میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.

کوردپرێس:

جەلال قەڵاشاخانی بەڕێوەبەری گشتیی دایرەی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: یەکەم فستیڤاڵی میدیا کوردییەکان بە میواندارێتیی شاری سنە بەڕێوە دەچێت و لەو فستیڤاڵەدا چەند میوانێک لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدار دەبن و میدیا کوردییەکانی هەرچوار پارێزگا کوردنشینەکەی ئێران دەتوانن بەرهەمەکانیان بۆ ئەو فستڤاڵە بەڕێ بکەن.

ناوبراو زیادی کرد: لە فستیڤاڵەکەدا ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی هەواڵ دەتوانن بەشداری بکەن و فستیڤاڵەکەش بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی و لە نیوەی دووهەمی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵی هەتاوی واتا لە مانگی مارچی زاینیدا بەڕێوە دەچێت.

قەڵاشاخانی لەبارەی فستیڤاڵەکەوە ڕایگەیاند: پشتگیری کردن لەو چەشنە هەڵمەتە فەرهەنگییانە داڵغە و یەکەمایەتیی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە و بەڕێوەبردنی ئەو چەشنە فستیڤاڵانە دەتوانێت ڕێخۆشکەر بێت بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتیی میدیا کوردییەکان.

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فستیڤاڵەکە لە چەند بەشی جیاجیادا بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە: سەروتار، وتار و یادداشت، هەواڵ، ڕاپۆرت، مانشێت، دیمانە، دیزانی پەڕە و نوکتە و کاریکاتۆر.

قەڵاشاخانی تیشکی خستە سەر تەوەرەکانی ئەو قستیڤاڵە و ئەم چەند خاڵەی وەکوو تەوەرەکان باس کرد:

یەکڕیزی و هەیکەلییەتی نیشتمانی

شۆناس و کەلتوور و ئەدەبی کورد

دەرفەت و هەڕەشەکانی ئاژانسەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ڕەوتی گەشە و ئابووری سەقامگیر

ژینگە و تەندروستی

وەرزش و تەندروستی

خەسارە کۆمەڵایەتییەکان

ناوبراو سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن لەو فستیڤاڵەدا ڕایگەیاند: دەبێت خوازیاران تەنها ئەو بەرهەمانە بۆ فستیڤاڵەکە بەڕێ بکەن کە لە 30ی سەرماوەزی ساڵی 1395/ 21ی کانوونی یەکەمی 2016 تاوەکوو 30ی سەرماوەزی 1397/ 21ی کانوونی یەکەمی 2018 لە میدیاکاندا چاپ کراون.

قەڵاشاخانی گوتیشی: ڕۆژنامەنووسانی پارێزگا کوردنشینەکان کە لە میدیا نیشتمانییەکاندا کار ناکەن و لە میدیایێکی ناوچەیی یان میدیای یەکێک لە پارێزگا کوردنشینەکان کار دەکەن دەتوانن بەشداریی ئەو فستیڤاڵە بکەن.

بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان هەر کەسەو لەو فستیڤاڵەدا دەتوانێت بەشداریی دوو بەشی کێبەرکێکان بکات و لە هەر بەشێکیشدا دەتوانێت سێ بەرهەم بەڕێ بکات.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە هاوکات لە فستیڤاڵەکەدا پێشانگایێکی میدیا و ڕۆژنامەی کوردی بە بەشداریی هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.

بانگهێشتنامەی ئەو فستیڤاڵە لە 15ی گەڵاڕێزانەوە بڵاو کراوەتەوە و هۆگران و خوازیارانی بەشداری کردن دەتوانن تا ڕێکەوتی 10ی بەفرانباری ئەمساڵ بەرهەمەکانیان لە ماڵپەڕی http://www.pressfestival.ir بنێرن بۆ بەشداریکردن لەو فستیڤاڵە.

News Code 39483

Your Comment

You are replying to: .
captcha