وەزارەتی تەندروستیی عێراق: هیچ کوژران و برینداربوونێک بە گوللـەی زیندوو لە خۆپێشاندانەکەی بەغدا تۆمار نەکراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ژمارەی بریندارانی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ بەغدا دەڵێت، 125 کەس  بریندار بوون و هیچ گیانلەدەستدانێکیش تۆمارنەکراوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 05-11-2021 دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەغدا لە بەردەم دەروازەیێکی ناوچەی سەوز خۆپێشاندان کرا. وەکو لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، خۆپێشاندەران بە بەرد هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و ناچاریان دەکەن پاشەکشە بکەن. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی لاستیکی هەوڵیان دا بڵاوەیان پێبکەن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەو بارەوە رایگەیاند، لەو 125 کەسەی کە بریندار بوون، 27ـیان خەڵکی مەدەنین و ئەوانی دیکەیان هێزە ئەمنییەکان، زۆرینەی بریندارانیش برینەکەیان سووک و مامناوەندە. هەروەها دەشڵێت، هیچ کەسێک بە گوللـەی زیندوو بریندار نەکراوە.

رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و تاوەکو ئەو کاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەرجەم وێستگەکان بە دەست دەژمێرێتەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە گرژییەکانی نێو خۆپێشاندانەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز لە بەغدا.

خۆپێشاندانەکە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوون و زۆرتر ئەو لایەنانەن کە سەر بە حەشدی شەعبین، خۆپێشاندانەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بە ناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" رێکخراوە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە رۆڵی گوماناوی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تانە پێشکەشکراوەکان، داواش لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکەین دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنی وڵات لە مەترسییەکان کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هۆکاریەتی".

لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندان لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەفتەی رابردوو پێکهێنرا، لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوه‌ لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

News Code 3948

Your Comment

You are replying to: .
captcha