کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاند "دوای ئەوەی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کۆبانێ و گرێسپی ئەنجامیان دەدات ئۆپەراسیۆنی دێرەزوورمان لە دژی داعش وەستاند. لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانمان و فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بڕیار درا بە سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکە".
هەسەدە راشیگەیاندووە "جیا لە شەڕی دژی داعش، هەسەدە سنووری نێودەوڵەتیی باکووری سووریا دەپارێزێت و ئاشتی نێوخۆیی بۆ هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات".
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەپەگە هێزی سەرەکییەتی، ئاماژەی بەوەش کردووە "جارێکی دیکە پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ دەکەنەوە".
دوایین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە 10-9-2018 لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە دەست یپێکردبوو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شەڕڤانان تاوەکوو نزیک شارۆچکەی هەجین پێشڕەوییان کردووە کە بە قەڵای داعش ناسراوە. لە میحوەری باخۆزیش بەهەمان شێوە داعش زیانی بەرکەوتووە.
هەسەدە وەک کاردانەوە بەرامبەر بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا ئۆپەراسیۆنی دێرەزووری راگرت، داواشی لە هاوپەیمانان کرد هەڵوێستی لەو بارەوە هەبێت.
Your Comment