بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی هەرێم ڕایگەیاند: "لەدوای کۆبوونەوەمان لە ٦ و ٧ی ئەم مانگەدا لەگەڵ دەستەی گومرکی عێراق، لەسەر ٢٧ خاڵ ڕێكکەوتین بۆ هەڵگرتنی سەرجەم خاڵە گومرگیەكانی نێوان شارەكانی هەرێم و عێراق".
ناوبراو باسی لەوەش کرد یەکێک لە خاڵەکان کە لەسەری رێککەوتوون بریتییە لە لابردنی خاڵە گومرکییەكانی كەركووک - هەولێر، کەرکووک- سلێمانی و مووسڵ – دهۆک.
ساماڵ عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەش کرد: لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە پێویستە سەرجەم خاڵە گومرکییەكان لە نێوان شارەكان هەڵبگیرێت چوونكە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و ڕێنماییەكانە و ڕێگری بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان و وەبەرهێنەرانیش دروست كردوو.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی هەرێم راشیگەیاند هەردوولا رێککەوتوون گۆڕانكاری لە یاسای گومرگەكان كە لە ساڵی ١٩٨٤دا دانراوە بكرێت یان هەموار بكرێتەوە یاخود دیسان داڕشتنێكی تازەی بۆ بكرێتەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "رێککەوتن لەسەر كاركردن بە یاسای وەبەرهێنانی ژمارە ٤ی هەرێم و ژمارە ١٣ی عێراق بۆ پەرە پێدانی توانا گومرکییەكان و ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان".
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment