ھۆشیار سیوه‌یلی: پارتی بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكھێنانی حكوومه‌ت ھێڵی سووری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌م حیزبه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت هێڵی سووری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک نییه‌ و ئه‌م حه‌فته‌یه‌ گفتوگۆی كرده‌یی سه‌باره‌ت به‌ پێكھێنانی حكوومه‌تی تازه‌ ده‌ست پێده‌كات و ئه‌وانه‌ی به‌شداری ده‌كه‌ن پێویسته‌ شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ بن نه‌ک به‌شدار و ئۆپۆزسیۆنیش بن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ی تشرینی دووهه‌می 2018 ھۆشیار سیوه‌یلی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پارتی ھه‌وڵ ده‌دات به‌ زووترین كات حكوومه‌تی نوێ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت سه‌قامگیریی زیاتر و خزمه‌تگوزاریی زیاتر بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ ھێشتا دانیشتنی فه‌رمی نه‌كراوه‌ به‌ڵام پارتی ڕایگه‌یاندوووه‌ كه‌ ھێڵی سووری له‌سه‌ر ھیچ لایه‌نێک نییه‌ و ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتوووه‌كاندا بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌ زووترین كات دانیشتن ده‌ست پێبكات بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت كابینه‌ی نوێ دروست بكرێت."

سیوه‌یلی گوتیشی: "پارتی به‌ شێوه‌یێكی جیددی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گفتوگۆ ده‌كات بۆ پێكھێنانی حكوومه‌ت و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش گفتوگۆ ده‌كه‌ین چوونكه‌ یه‌كێتی بۆ ئێمه‌ و سه‌قامگیریی كوردستان گرینگه بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتییش ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی ٢١ كورسین و پارتییش ٤٥ كورسیی به‌ ده‌ست هێناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ داوای شه‌راكه‌ت ده‌كه‌ن پێویسته‌ به‌پێی كێشی سیاسیی خۆیان له ‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌شداری بكه‌ن بۆیه‌ پارتی وه‌ک براوه‌ی ھه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ ده‌زانێت پێویسته‌ به‌ جیددی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بكات به‌ڵام ناكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ٥٠ به‌ ٥٠ گفتوگۆ بكرێت و پێویسته‌ به‌پێی ژماره‌ی كورسی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكرێت و لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش به‌ ھه‌مان شێوه‌."

ناوبراو ده‌شڵێت: "حكوومه‌تی داھاتوو له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایێک دروست ده‌كرێت، یه‌كێک له‌وانیش ئیستحقاقی ھه‌ڵبژاردنه‌، پارتییش ئه‌زموونی بنكه‌فراوانی تاقی كرده‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ زۆرینه‌ ده‌بێت چوونكه‌ ھه‌ندێک لایه‌ن له‌پێناو ده‌ستكه‌وتی حیزبی پارتییان جێھێش بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌شدار بێت نابێ ڕۆڵی دووفاقی ببینێت و پێویسته‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ بێت نه‌ک به‌شدار و ئۆپۆزسیۆنیش بێت."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی باسی له‌وه‌ش كرد که‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌م حه‌فته‌یه‌دا به‌ كرده‌یی كۆبوونه‌وه‌ بۆ پێكھێنانی حكوومه‌تی تازه‌ ده‌ست پێبكات به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39416

Your Comment

You are replying to: .
captcha