ئه‌حمه‌د حاجی‌ ڕه‌شید: پشكی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ زیاد ده‌کرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ یه‌كێک له‌ بڕگه‌كانی دانیشتنی ئه‌مڕۆیئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق زیاد كردنی پشكی حه‌شدی شه‌عبیه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌حمه‌د حاجی‌ ڕه‌شید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ لاپه‌ره‌ی خۆی له‌ تۆری کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌ کرد: "به‌پێی سه‌رچاوه‌یێک دوای ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی هه‌بوو له‌ دانانی پشكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ بودجه‌دا كه‌ بڕه‌كه‌ی دوو ترلیۆن و ٢٦ ملیار دیناره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووهه‌می 2018 یه‌کێک له‌ بڕگه‌كانی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق زیادكردنی پشكی حه‌شدی شه‌عبیه‌".

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "چاوه‌ڕێ بكه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان بزانن وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ی دارایی چی بۆ ئێوه‌ زیاد ده‌كات".

له ‌پڕۆژه‌ یاسای بوجه‌ی ٢٠١٩دا پشكی پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق به‌ بڕی (٣٧) ملیار دینار مانگانه‌ دانراوه‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ (٤٤٤) ملیار دیناره‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووهه‌می 2018 په‌رله‌مانی عێراق کۆ ده‌بێته‌وه‌ و کارنامه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ شه‌ش خاڵ پێکهاتوووه‌ که‌ بریتین له‌ سوێندخواردنى ژماره‌یێک په‌رله‌مانتار، پێداچوونه‌وه‌ به‌و تانانه‌ى پێشکه‌ش کراون له‌باره‌ى ئه‌ندامێتیى چه‌ند په‌رله‌مانتارێک، تاوتوێ کردنى پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و پێکهێنانى لیژنه‌ هه‌میشه‌یییه‌کانى په‌رله‌مان و تاوتوێ کردنى له‌ناوچوونى به‌کۆمه‌ڵى ماسی له‌ عێراق.

وا چاوه‌ڕوانیش ده‌کرێت له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانى عێراقدا چاره‌نووسی ئه‌و وه‌زیرانه‌ یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ که‌ متمانه‌یان پێ نه‌دراوه‌.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39350

Your Comment

You are replying to: .
captcha