مسته‌فا بالی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی سووریای دیموکراتیک له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێسدا ئاماژه به هێرشی ئه‌مدواییه‌ی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر کۆبانێ ده‌کات و ڕایده‌گه‌یێنێت که ئێمه له به‌یاننامه‌ی خۆماندا ڕامانگهیاندوووه که هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ که‌س نیین و ته‌نها به‌رگری له خۆمان به کارێکی ڕه‌وا ده‌زانین.
ناوبراو گوتیشی: ئێستا ده‌بێ هه‌موان بزانن که تورکیا بڕیاری له‌ناوبردنی "گه‌لی کورد"ی له باکووری سووریا گرتۆته‌به‌ر و بوونی کورد له عه‌فرین تا کۆبانی و سه‌رانسه‌ری کوردستان قبووڵ ناکات و هێرشی ئه‌مدواییه‌ی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر کۆبانێ به‌و بۆنه‌وه بوو.
مسته‌فا بالی جه‌ختی کرده‌وه: تورکیا منداڵێکی ته‌مه‌ن 10 ساڵان به ناوی ساڵح مسته‌فا شه‌هید ده‌کات و ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات که ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێکی له‌ناکاو نییه به‌ڵکوو تورکیا ده‌یه‌وێت جینۆساید و له‌ناوبردنی کورده‌کان له سووریا ئه‌نجام بدات.
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی سووریای دیموکراتیک له وه‌ڵامێکی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به کاردانه‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌رانبه‌ر به کاره‌کانی تورکیا له سووریا گوتیشی: له کاتێکدا سه‌یری پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌که‌ن ده‌بینن که پێوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش داڕێژراوه و ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانێتیی ناتۆش به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بۆ سووریا ده‌ڕوانن.
مسته‌فا بالی ڕاشیگه‌یاند: بڕیاره هه‌ندێک چاو‌دێر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا ڕه‌وانه‌ی سنووری سووریا بکرێن و پێویسته چاودێرانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی که پێوه‌ندیشیان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی تورکیا هه‌یه له نزیکه‌وه چاودێری له‌سه‌ر کاره‌کانی تورکیا بکه‌ن و سنوورێک بۆ "داپه‌ڕه ده‌ستدرێژکارانه‌کان"ی تورکیا دابنێین.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment