به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کرده‌وه که ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 29ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا به ئاماده‌بوونی میوانان له سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه گه‌وره‌ترین فڕۆکه‌خانه‌ی جیهان له ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌کاته‌وه.
ڕێوره‌سمی کردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌می فڕۆکه‌خانه‌که له کاتژمێر ٤ی ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یه‌که‌م به کۆنسێرتێکی ئۆرکێسترای سه‌مفۆنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار ده‌ست پێده‌کات.
ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یێندراوه که له ڕێوره‌سمی کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌که‌دا ژماره‌یێکی زۆر میوانی بیانیی له سه‌رۆک، سه‌رۆکوه‌زیران و وه‌زیرانی گواستنه‌وه ئاماده ده‌بن و ژماره‌ی ئه‌و کاربه‌ده‌سته باڵایانه‌ی ڕایانگهیاندوووه ئاماده ده‌بن له ٥٠ که‌س تێپه‌ڕیوه.
ڕێوره‌سمی کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌که به شێوه‌یێکی ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه و له سه‌رانسه‌ری جیھانه‌وه ده‌توانرێت ببینرێ.
به تێكڕایی فڕۆكه‌خانه‌كه له سه‌ر ڕووبه‌ری ٧٦ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بونیات ده‌نرێت و له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا به بڕی شه‌ش ملیار یۆرۆ وه‌به‌رهێنانی تێدا كراوه و فڕۆكه‌خانه‌كه ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ ٢٥٠ كۆمپانیای گه‌شتیاری فڕۆكه‌وانی ده‌ڕه‌خسێنێت.
دوای ته‌واوبوونی شه‌ش سه‌كۆی فڕینی سه‌ربه‌خۆ، شوێنی ٥٠٠ فڕۆكه، گه‌راجی كراوه و داخراو كه جێگای ٧٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل و ئامێری تیادا ده‌بێته‌وه، فڕۆکه‌خانه نوێیه‌که‌ی ئه‌سته‌نبۆڵ ساڵانه جێی ٢٠٠ ملیۆن گه‌شتیاری تیادا ده‌بێته‌وه به‌م جۆره‌ش ده‌بێته گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه له سه‌ر ئاستی جیهان.
دوای ئه‌وه‌ی تا کۆتاییی ساڵ گواستنه‌وه ته‌واو ده‌بێت ده‌تواندرێت ڕۆژانه دوو ھه‌زار جار نیشتنه‌وه و فڕین ئه‌نجام بدرێت، زیاتر له ٣٥٠ فڕین بۆ شوێنی مه‌به‌ست ئه‌نجام بدرێت.
له‌لایێکی دیکه‌یشه‌وه تا کۆتاییی ساڵ له‌سه‌دا ٥٠ داشکان له نرخی گواستنه‌وه‌ی ئامێره‌کانی گواستنه‌وه‌ی گشتیی‌دا ده‌کرێت له فڕۆکه‌خانه‌که‌وه بۆ ناو شاری ئه‌سته‌نبۆڵ و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل له گه‌راجه‌کانی ناو فڕۆکه‌خانه‌که‌ش بێ به‌رامبه‌ر ده‌بێت.
ھاوکات ژماره‌یێکی زۆری سه‌رکرده‌ی جیھانی به‌شداری له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا ده‌که‌ن له‌وانه ئیلر مه‌تا سه‌رکۆماری ئه‌لبانیا، ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالسانی میری قه‌ته‌ر، سۆرۆنبای جینبێکۆڤ سه‌رکۆماری قرغیزستان، ھاشم تاجی سه‌رکۆماری کۆسۆڤۆ، مسته‌فا ئاکنجی سه‌رکۆماری تورکی قوبرسی باکوور، جۆرج ئیڤانۆڤ سه‌رکۆماری مه‌کدۆنیا، ئیگۆر دۆدۆن سه‌رکۆماری مۆڵدۆڤا، عارف ئه‌لفی سه‌رکۆماری پاکستان، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و چه‌ندین سه‌رکرده‌ی دیکه به‌شداری له‌و رێوڕه‌سمه‌که ده‌که‌ن.
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment