کوردپرێس:
پاش ئەوەی بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە وەکوو سەرکۆمار هەڵبژێردرا نێچیرڤان بارزانی لە پرێس کونفڕانسێکدا وتی یەکێتی تەوافوقەکەی تێک داوە و ئەوەش کارتێکەر دەبێت لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی وتی چیتر وەکوو ڕابردوو لە سەر بنەمای تەوافوق لەگەڵ لایەنەکان تەعامول ناکەن بەڵکوو بنەمای پێوەندییەکانیان بەپێی حەجم و قورساییی لایەنەکان دەبێت. چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئەو هەڵوێستەی پارتی وەرزێکی نوێ لە ململانێی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوە و لە بەر ڕۆشناییی ئەوەی دوو حیزبی باڵادەستی یەکێتی و پارتی جوگرافیای کوردستانیان بە دەستەوەیە مەترسیی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دووئیدارەیی هاتۆتە گۆڕێ.
عەباس غەزاڵی میرخان ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و لەو گفتوگۆیەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە هەڵوێستەکەی پارتی و ئایندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شێوازی تەعامولی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت یەکێتی داوەتەوە.
دەقی دیمانەکە لێرە بخوێنەوە:
کوردپرێس: پارتی دیموکراتی کوردستان وتوویەتی چیتر وەکوو ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکات بەڵکوو ژمارەی دەنگ و کورسییەکان دەکاتە پێوەر بۆ عیلاقاتی لەگەڵ یەکێتی، ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی پارتی بۆچی کراوە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چی؟
عەباس غەزاڵی میرخان: یەک لە ئوسووڵەکانی دیموکراسی ئەوەیە کە بزانن حەجمی هەر لایەنێک چەندە. ئێمەش پێشتر سیاسەتی فیفتی فیفتی و پەنجا پەنجامان تەجرەبە کردووە و ئەوەش لە بەر بەرژەوەندییەکان بووە. ئێستا هەموو لایەنێک بەپێی حەجمی خۆی بەشداری لە حکوومەت دەکات و ئەمەش سیاسەتێکە بۆ پراگتیزە کردنی دیموکراسی و فێربوونی دەسەڵات و دابەش­کردنی دەسەڵاتەکانە بەپێی ئەنجامەکان کە جەماوەری کوردستان دەنگ بە کام لا دەدات.
کوردپرێس: پێشتر سیاسەتەکە لە سەر بنەمای تەوافوق بوو. واقعی سیاسیی کوردستان نەگۆڕاوە و یەکێتییش و پارتییش لە هەرێمی کوردستان جوگرافیایێکی فراوانیان بەدەستەوەیە بەڵام پارتی وتوویەتی وەکوو شەریک لە دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکات؛ ئایا ئەوە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی کێشە و تەنگەژە ناکات؟ بەتایبەت هاوپەیوەند بە عیلاقاتی دوو لایەنی سەرەکیی هەرێم؟
عەباس غەزاڵی میرخان: ئێمە نەمانوتووە تەنها یەکێتی هاوبەشمانە. بەڵکوو هەموو لایەنەکانی کوردستان هاوبەشمانن بەڵام هەریەکەو بە حەجمی خۆی و بەپێی ئەو پشکەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیعتیمادی پێ کردووە. ئێمە بڕیارمان دابوو و لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتبووین کە یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بناسێنین بەڵام یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ڕێککەوت و تەوازنی دەسەڵاتی کوردیان تێک دا چوونکە سبەینێش هەر لایەنێکی عێراقی عەرەبی بێت یان شیعە، سوننە یان مەدەنی یان ئیسلامی بێننە ناو خۆیان و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نەفەرێک کاندید بکەن و دەریش بچێت دەڵێن ئەوە کوردێک بوو بە سەرۆککۆمار. ئێمە دڵگرانیمان لەوەیە کە یەکێتی زەمینەی خۆش کرد بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکەی عێراق لە ئایندەدا بتوانن لە نێوان خۆیاندا تەوافوق بکەن و کوردێک هەڵبژێرن کە سەر بە خۆیان بێت. بۆیە بڕیارمان دا هەر کەسێک بگەڕێتەوە سەر حەجمی خۆی. پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیێکی بەدەستەوەیە بۆ پڕاگتیزەکردنی دیموکراسی و گەڕاندنەوەی عەقڵ و مەنتق و چەسپاندنی یاساکان بە پێی حەجمی خۆی کاری لەگەڵ بکات.
سەبارەت بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتییش دەبێت بڵێم پارتی لە ناوچەی خۆی خاوەن دەسەڵاتی خۆیەتی بەڵام یەکێتی لە سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا خۆی نییە بەڵکوو گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش هەن. دەبێت ئێمە فێری ئەوە ببین کە دەستاودەستی دەسەڵات بکەین. ئەمڕۆ ئێمە زۆرینەین ئەگەر بووین بە کەمینە ئەوا خەڵکی کوردستان بڕیار دەدەن.
کوردپرێس: تا چەند پێشبینی دەکەن پێکهێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان لە گۆڕان نزیک بێتەوە و وەکوو شەریکێک لە دەسەڵات قبووڵی بکات؟
عەباس غەزاڵی میرخان: نەک هەر گهڕان بەڵکوو ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە ئیسلامییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم کوردستان بە یەک ڕادە پێوەندیمان هەیە چوونکە ئێمە پێکەوە لە وڵاتێکدا دەژین کە فرەڕەنگە و کورد و عەرەب و تورکمان و عەرەبی شیعە و سوننە و ئێزدی و مەسیحی و کاکەیی و زەردەشتی هەموو پێکەوەن و ئێمەش بە یەک چاو سەیریان دەکەین و هەموو لەم وڵاتەدا شەریکین و دەبێت پێکەوە سازش و تەوافوق و لێکتێگەیشتنمان بێت و بە یەکدەنگی هەموو لایەنەکان بپارێزین.
تا چەند ئەگەری ئەوە بەهێزە کە پارتی بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت گۆڕان بە بێ بەشداری پێکردنی یەکێتی حکوومەتی نوێ پێک بهێنێت؟
عەباس غەزاڵی میرخان: بەڕای من ڕەنگە پارتی بتوانێت بە بەشداریی ژمارەیێکی دیکە بە بێ یەکێتی پێکی بهێنێت بەڵام ئەمە ناچێتە سەر لە بەر ئەوەی دەسەڵاتی کوردی وا ڕێککەوتووە کە پارتی و یەکێتی بە یەکەوە بە هاوبەشیی لایەنەکانی دیکە حکوومەت تەشکیل دەکەن بۆیە بڕوا ناکەم پارتی بیری لەم پڕۆژەیە کردبێتەوە کە بەبێ یەکێتی حکوومەت پێک بهێنێت.
کوردپرێس: ئاماژەتان بە مەسەلەی حەجم کرد. یەکێتییش هەمان هەڵوێستی لەبارەی کەرکووکەوە هەیە. واتا دەڵێت ئێمە لە کەرکوو زۆرینەین و دەبێت پارێزگاری کەرکوو کە دەبێت هەڵبژێردرێت بدرێت بە یەکێتی و ڕەخنەکانی پارتی لەو بارەیەوە قبووڵ ناکات. ڕای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
عەباس غەزاڵی میرخان: ئێمە سیاسەتی ڕوونمان هەیە لە سەر ناوچەکانی کوردستان. پارتی کەرکووک بە داگیرکراو دەزانێت و دۆخی شارەکە بە حاڵەتێکی ئاسایی نازانێت. ئەوەتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە بێ پارتی تەواو نابێت. باشترین بژاردە کە پارتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکەوە دایناوە ئەوەیە کوردێکی بێ لایەن و دوور لە ململانێی حیزبی هەڵبژێردرێت و تەوافوق لە سەر ئەوە بکەین کە پارێزگاری کەرکووک نە پارتی بێت و نە یەکێتی.
زەروورەتی مێژووی ئەو قۆناغەمان وا پێویست دەکات کە ئێمەی کورد هەموومان پێکەوە هاوکار بین بۆ دەربازبوون لەو تەنگەژەیەی ناوچەکەی گرتۆتەوە و کورد سەربەرزانە دەستەکەوتی خۆی بەدەست بێنێت.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
Your Comment