نێچیرڤان بارزانی: هانی كه‌رتی تایبه‌تی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدار له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌نجومه‌نی بازرگانیی ئه‌مریکا- کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه‌دارانی بیانی یه‌کێک له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و حكوومه‌تیش داكۆكی له‌و پڕۆژه‌یه‌ی چاكسازی ده‌كات‌ كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستانی كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24ی تشرینی یه‌که‌می 2018 نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یێكدا له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌نجومه‌نی بازرگانیی ئه‌مه‌ریكاـ كوردستان، كه‌ له‌ نوێنه‌رانی (30) كۆمپانیای بواری جیاجیای بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا پێکهاتبوو، سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌یان‌ و هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و كورته‌یێكیشی ده‌رباره‌ی بارودۆخ و هۆكاری قه‌یرانه‌كان و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م دواییه‌ی بواری ئابووری له‌ هه‌رێم خسته‌ ڕو و به‌ ئومێده‌وه‌ باسی له‌ به‌ره‌وپێشچوونی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له‌ هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتوووه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی سه‌خت و قه‌یراناویی هه‌رێمی كوردستان كرد و قوربانیدانی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا به‌رز نرخاند و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ ده‌رفه‌تی له‌بار له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری و هاتنی سه‌رمایه‌داران و یاساكانی حكوومه‌تی هه‌رێمیش له‌وباره‌یه‌وه‌ هانده‌ر و فاكته‌ری به‌هێزن.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نوێنه‌رانی كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی پسپۆڕییه‌كانیان باسیان له‌و بوارانه‌ كرد كه‌ ده‌توانن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كاری تێدا بكه‌ن.

تاوتوێ کردنی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند ته‌وه‌رێكی په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی هه‌ر دوو كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39038

Your Comment

You are replying to: .
captcha