کوردپرێس:
لە 16ی ئەکتەوبری 2018دا یەک ساڵی تەواو تێپەڕیوە بەسەر گەڕانەوەی هێزی سەربازیی دەوڵەتی فیدراڵ بۆ پارێزگای کەرکووک و تێکڕای ئەو ناوچانەی مەشموولی مەدەی 140ن و پێیان دەوترێت ناوچەی جێناکۆک. لەم ڕۆژەدا بوو کە هێزی پێشمەرگەی سەربە پارتی و یەکێتی لەو ناوچانە کشانەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو هێزانە بەسەر بەشێکی فراوانی باکووری عێراق هات.
ئەو هێرشەی داعش کردیە سەر عێراق و بەتایبەت ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد ڕەخساند کە دەسەڵاتی خۆی لە پانتاییێکی فراوانی ناوچە جێناکۆکەکان بچەسپێنێت کە پاش هێرشەکەی داعش جەیشی عێراقیی تێدا نەمابوو و پێشمەرگەی کوردستان دەیتوانی داعش لە ناوچەکە تەفروتوونا کات و دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەدا بچەسپێنێت و ئەوەش بەشێکی قیادەی کوردیی هان دا کە خولیای دابڕان لە عێراق و سەربەخۆبوون بە مێشکیاندا بێت. هۆکاری سەرەکییش بۆ ئەو خولیای قیادەی کوردی کۆنتڕۆڵکردنی سامانی سروشتی و نەوت و غازی فراوانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بوو.
دیارە سەرەتای ئاراستەکردنی مەوزووعی سەربەخۆیی و ڕێوشوێنی یاسایی بۆ ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 و ئەو کاتەی مەسعوود بارزانی چووە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان و داوای لە نوێنەرانی پەرلەمان کرد پڕۆژەیاسای پێویست بۆ ڕیفراندۆم پەسەند بکەن بەڵام بەگشتی قیادەی کوردی ئەو کاتە کەڵکەڵەی سەربەخۆبوونی کرد کە داعش لە ناوچەکە شکستی هێنا و چیرۆکی داعش ڕوو لە کۆتایی بوو و کورد لە قۆناغی پاش داعش نیگەران بوو و حیسابی ئەوەی دەکرد کە پاش نەمانی داعش چی بە سەر کورددا دێت.
لە مەسەلەی ڕیفراندۆمدا ململانێی نێوماڵی کورد و بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی و پێداگریی بەشێک لە قیادەی کوردی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سەرەڕای ناڕەزاییی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان لەو بابەتە، هەریەکەو تەوەرێکی سەربەخۆیە کە خوێندنەوەی تێروتەسەلی دەوێت و لێرە باسی ناکەین. ئەوەی گۆڕانکارییە گەورەکەی دروست کرد گەڕانەوەی جەیشی عێراقی و حەشد بۆ ناوچەی جێناکۆک بوو کە ئەوەش بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی یەک لە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی دا و پێشمەرگەی هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتیش لە ناوچەکە کشانەوە و جگە لە چەند تەقەیێکی دەگمەن، پێکدادانێکی قورسی وا ڕووی نەدا.
ئەگەر واز لەو تۆمەتانە بێنین کە پارتی و یەکێتی بەردەوام ئاراستەی یەکتری دەکەن دەبێ بڵێین ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 لە لایێکەوە شۆکێک بوو بۆ داڕێژەرانی ڕیفراندۆم و پڕۆژەی سەربەخۆبوونی کوردستان و لەلایێکی دیکەشەوە وەرزێکی نوێ بوو لە باڵانسی دەسەڵاتی دوو لایەنی هەولێر و بەغدا و کێبەرکێیی نێوماڵی کورد لەسەر دەسەڵات.
هەرێمی کوردستان لە قۆناغی پاش ڕیفراندۆم و 16ی ئەکتەوبر چەقییە نێو لیتاوی قەیرانێکی پەرەسەندوو و ناوبەناو لە نێوان کردەکان باس لە تێکشکانی پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق دەکرا ئەوەش بەهۆی فشاری سیاسی و ئابووری و سەربازیی دەوڵەتی ناوەند کە بە سەر هەولێردا سەپاندبووی.
پاش چەند مانگ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەشتە سیاسییەکانی دەست پێکرد و بەمەبەستی ڕۆگارکردنی هەرێم لەو دۆخە چەقبەستووە دەستی کرد بە دیالۆگ و دانووستاندن و لە ئەنجامدا سەرکەوتووانە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند و سەرکەوتنی بەشکۆی دوو حیزبی سەرەکیی کوردستان و بەتایبەت پارتی لە هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری 2018 قۆناغێکی نوێ بوو بۆ گەڕانەوەی پێگەی کورد لە عێراق. بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتنە سەرتاییەی یەکێتی و پارتی کردیان بۆ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ بەغدا و ئەو دانووستانەی دوو حیزبەکە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کردیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق زۆر دەوری بوو لە گەڕانەوەی شکۆ بۆ کورد بەڵام سەرهەڵدانەوەی گرفت و ناکۆکیی حیزبی لە سەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و شکستهێنانی فواد حسێن کێشەکەی زیندوو کردەوە لە بەر ئەوەی ئەو کاندیدەی پارتی لە لایەن مەسعوود بارزانییەوە بە هەموو شێوازێک پشتیوانیی لێدەکرا و پاش هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح، پارتی لە بەیانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند بەرهەم ساڵح بە نوێنەری کورد لە بەغدا نازانێت.
ناکۆکیی نێوان ئەو دوو حیزبە ئەوەندە پەرەی سەندووە کە هەندێک لایەن باسی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دووئیدارەیی دەکەن و لەو بابەتە نیگەرانن بەڵام ژمارەیێک لە قیادەی کوردی ئەوەشیان لا گرینگ نییە و نەک هەر نیگەرانی ئەو مەسەلەیە نین بەڵکوو زەمینەی بۆ خۆش دەکەن و ئەو کوردستانەی یەک ساڵ پێش ئێستا خولیای سەربەخۆییی لە مێشکدا بوو ئێستا هەڕەشەی ئەوەی لە سەرە کە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دووئیدارەیی.
کوردستانی عێراق لە نەوەدەکاندا بەهۆیی شەڕی دەسەڵات و کورسی و پشکخوازیی دوو حیزبی یەکێتی و پارتی سیستەمی دوو ئیدارەییی هەڵبژارد و تەنانەت شەڕی براکوژیشی لێکەوتەوە. ئێستاش ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پەرەی بە نیگەرانییەکان سەندووە و مەترسیی ئەوە وێنا دەکرێت کە جارێکی دیکە دووئیدارەیی لە هەرێم ڕووبداتەوە.
مەسعوود بارزانی لەبارەی دووئیدارەیییەوە وتوویەتی: با ببێت
ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی بەرجەستەی کورد کە دەوری تایبەتی بینی لە دامەزراندن و دەوڵەمەندکردنی کوالێتیی میدیاکانی پارتی و کەسایەتییێکی نزیک لە سەرکردایەتیی پارتییە گفتوگۆیێکی لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا کردووە و وتوویەتی لەگەڵ عارف قوربانی سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە و لەبارەی دوو ئیدارەییەوە قسەیان لەگەڵ کردووە. عارف قوربانییش ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی بەناوبانگی هەرێمی کوردستانە و کەسایەتییێکی نزیک لە بەرهەم ساڵحە کە لەم دواییەدا بوو بە سەرکۆماری عێراق.
بە وتەی ڕێبوار کەریم لەگەڵ عارف قوربانی مەترسیی گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەییان بە بارزانی گەیاندووە.
ڕێبوار کەریم ئاوا باسی ئەو دیدارەیان لەگەڵ بارزانی دەکات: وتمان کاک مەسعوود ئەم لێک ترازانەی پارتی و یەکێتی دوو ئیدارەیی لێدەکەوێتەوە، ئەو وتی با ببێت.
قسەیێکی بارزانی لەسەر ئەگەری بوونی کاندیدەکەی یەکێتی بە سەرۆک کۆماری عێراق، وتویەتی "ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆکی عێراق، ڕێگەی پێ نادات پێ بنێتە هەولێرەوە".
هەروەها ئەو دوو ڕۆژنامەوانە ڕێبوار وەلی و عارف قوربانی کە چوونەتە لای کاک مەسعوود، هۆشداری و مەترسیی ئەو لێک ترازاندنەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە بگاتە ئاستی کەرت بوون و دوو ئیدارەیی، بارزانی وتوییەتی "با ڕووبدات".
پاش ئەوەی بەرهەم ساڵح بوو بە سەرکۆماری عێراق بارزانی تەنانەت بە تەلەفۆنیش پیرۆزباییی لە ناوبراو نەکرد ئەوەش لە کاتێکدایە بارزانی پەیامی پیرۆزباییی بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق نارد.
لە لایێکی دیکەشەوە بۆ یەکەم جار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە هەڵوێستی یەکێتی گرت بۆ کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح و وتی یەکێتی تەوافوقی نێوان پارتی و یەکێتیی شکاند و تانەی لە بەرهەم ساڵحیش دا کە لە یەکێتی جیا بوویەوە و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی دامەزراند بەڵام بەبۆنەی کورسییەوە گەڕایەوە نێو یەکێتی و وتی دیارە کەسی وا وەفای بۆ هیچ کەس و حیزبێک نابێت و پەنامەکی ئەو پەیامەی گەیاند کە بەرهەم ساڵح وەفای بۆ ماف و داواکارییەکانی کوردیش نابێت لە بەغدا.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا ڕایگەیاند چیتر بەپێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی دەچنەوە و بەپێی قورسایی و ژمارەی کورسییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. مەبەستی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە کە چیتر سەردەمی حکوومەتی فیفتی فیفتی تەواو بووە و ژمارەی کورسی و قورساییی دەنگی حیزبەکان پشکیان لە حکوومەت دیاری دەکات. ئەوەش سیاسەتێکە ڕەنگە پارتی بیگرێتە بەر و لەگەڵ گۆڕان حکوومەت پێک بهێنێت. بەڵام گرینگ ئەوەیە یەکێتی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و تەنانەت ئەگەر ژمارەی دەنگەکانیان بۆ نیوەی ئەم ڕێژەیەش دابەزێت هیچ ناگۆڕدرێت و یەکێتی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە.
ئایا پارتی دەتوانێت کۆتایی بە شەراکەتی دەسەڵات لەگەڵ یەکێتی بهێنێت؟
عارف قوربانی کە لەگەڵ ڕێبوار کەریم وەلی لەبارەی مەترسیی ڕوودانی دووئیدارەیی قسەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی کردبوو لە گفتوگۆیێک لەگەڵ کوردپرێسدا سەبارەت بە سیاسهتی نوێی پارتی له بهرانبهر یهکێتی و ئهوهی که ڕایدهگهیێنن بهپێی قهبارهی یهکێتی لهگهڵیان له دابهش کردنی دهسهڵات مامهڵه دەکەن بە کوردپرێسی وت: من قهناعهتم وایه واقیعی کوردستان تهوافوقی پێویستتره وهک له دیموکراسی. بۆ ئهوهی له ڕابردووشدا له کوردستان ههروا مامهڵه کراوه و ئهولهوییهت بۆ سازان و پێکهوه ههڵکردن بوووه به تایبهتیش له نێوان پارتی و یهکێتی. به درێژاییی مێژووی ئهم دوو حیزبه له ههر قۆناغێکدا دوو حیزبهکه لێک نزیک بووبێتن و ههماههنگی له نێوانیاندا بووبێت پێکهوه ئهرک و بهرپرسیارێتیی تێپهڕاندنی ههر قۆناغێکی سهختیان گرتبێته ئهستۆ کوردستان سهربهرزانه لێی دهرچوووه. به پێچهوانهیشهوه له ههر کاتێکدا ناکۆک بووبێتن ههرێمی کوردستان زهرهری کردوووه. ئێستا بهرژهوهندیی خهڵکی کوردستان و تێپهڕاندنی ئهم واقیعه وا ئهخوازێت که پارتی و یهکێتی پێکهوه بهرپرسیارێتیی تێپهڕاندنی قۆناغهکه بگرنه ئهستۆ.
قوربانی زیادی کرد: من پێم وایه دهبێت ههر دوو حیزب مهسئوولانهتر بیر بکهنهوه و وا بکهین دیموکراسی چارهسهر و دهرمانی ئێمه نهبێت بهڵکوو تهوافوق و سازانی نێوانیان خزمهت به بهرژهوهندیی خهڵکی کوردستان دهکات.
ناوبراو دووپاتی کردەوە: واقیعی خهڵکی کوردستان به جۆرێکه ناکرێت به دهرئهنجامی ههڵبژاردن و لهسهر پرهنسیپی دیموکراسییهت کار بکرێت و بینیشمان له دوو سێ ههڵبژاردنی ڕابردووی کوردستاندا بزووتنهوهی گۆڕان هێزی دووههم بوو بهڵام واقیعهکه بهو جۆره بوو که ههر یهکێتی حوکمڕان بوو و یهکێتی و پارتی پێکهوه حوکمڕانی سهرجهم کوردستان بوون له کاتێکدا بزووتنهوهی گۆڕان به ئیستیحقاقی ئینتیخابی هێزی دووههم بوو. ئێستاش من وای دهبینم هێشتا گهرماوگهرمه لهبهر ئهوهی هێشتا تازه سهرۆک کۆمار دانراوه و ئهو ناکۆکییهی که له بهغدا ههبوو تا ئێستا هیچ لایێکیانی بهر نهداوه. ڕهنگه ههندێک قسه و وتار و دهربڕین ههبێت بهڵام من پێم وانییه ئهمه ببێته ستراتێژ و پڕۆژهی سیاسیی هیچ کامیان بهڵکوو دهرئهنجامی واقیعی کوردستان وا دهخوازێت پارتی و یهکێتی پێکهوه مهسئوولانه شان بدهنه ژێر تێپهڕاندنی ئهم قۆناغه.
ئەو چاودێرە سیاسییە بە دووریشی زانی پارتی بە بێ یەکێتی حکوومەت پێک بهێنێت و ڕایگەیاند: ههر له ڕووی واقیعهوه مومکین نییه پارتی به بێ یهکێتی بتوانێت له ههرێمی کوردستان حکوومهت پێکبهێنێت.
هەر لەو بارەیەوە مەحموود عوسمان سیاسەتوانی بەرجەستەی کوردی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە: پارتی 44 بۆ 45 کورسیی بهدهست هێناوه بەڵام پارتی ناتوانێت بێ یهکێتی حکوومهت پێکبهێنێت و ڕاستیش نییه چوونکه ئهوه تایبهتی سندووقه بهڵام لهسهر عهرز نیوهی کوردستان به دهستی یهکێتییهوهیه بۆیه ناتوانێت حکوومهتێک دروست بکات که نیوهی کوردستان بگرێتهوه. مهوزووعهکه لهسهر عهرز شتێکه و له سندووقی ههڵبژاردن شتێکیتره بۆیه پارتی ناتوانێت ئهو کاره بکات و باشتریش وایه نهیکات بهڵکوو باشتر وایه ههموویان بهیهکهوه حکوومهت پێکبهێنن یان ههندێکیان حکوومهت پێکبهێنن و باقی له ئۆپۆزیسیۆن بن ئهوه به قازانجی پڕۆسهی سیاسی دهبێت.
وەرزێکی نوێی ململانێی سیاسی و مەترسیی کەرت بوونی هەرێمی کوردستان
سەرەڕای ئەمری واقیعی ساحەی سیاسیی هەرێم، بڕیاری یەکلاکەرەوە لای قیادەی سیاسیی کورد دەبێت کە پێکهاتوون لە دوو حیزبی سەرەکیی هەرێم واتا پارتی و یەکێتی.
ئەوەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە کەیسی 16ی ئەکتەوبردا بینیمان ئەوە بوو کە سەرکردایەتیی یەکێتی و ئەوانەی لەو حیزبەدا بڕیاریان لایە گۆڕانی زۆریان بەسەردا دێت. دوو دەستەیی و لێکترازانی جیدی بەبۆنەی مەسەلەی گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ کەرکووک و ناوچەی جێناکۆک و خۆنواندنی سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی و بەتایبەت باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی پاش وەفاتی جەلال تاڵەبانی و بەرانبەرکێ کردنی ئەو گەنجانە لەگەڵ سەرکردە نەریتییەکانی یەکێتی و ڕەوتی نزیک لە پارتی و گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەکێتی و گەیشتنی بە کورسیی سەرۆککۆماری عێراق ئاشکرای کرد کە پارتی بەرەوڕووی ستراتێژییەت و دەموچاوی نوێ بۆتەوە لە نێو یەکێتی و دەبێت تەعامولیان لەگەڵ بکات.
ئەوەی پڕۆسەی پێوەندیی نێوان دوو حیزبەکەی سەخڵەتتر دەکات ئەوەیە پارتی ڕەوتێکی نوێی گرتۆتە بەر بۆ بەشداری کردن لە دەوڵەتی نوێی عێراقیش و هەرێمی کوردستانیش و دەیەوێت وەزارەتخانە سەرەکییەکانی بەغدا بە پشکی کورد بگرێتە دەست و جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانیشدا لای پارتی بێت و ئەزموونیش سەلماندوویەتی لەو هەڵوێستەی پاشگەز نابێتەوە مەگەر ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نەبێت.
لێدوانەکەی بارزانی سەبارەت بە مەترسیی سەرهەڵدانی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان کە لە دیداری دوو ڕۆژنامەنووسە کوردەکەدا باسی کردبوو، بەسەرنجدان بەو شکستەی بارزانی لە ڕووداوەکانی کەرکووکدا بەرانبەر بە سەرکردایەتییە گەنجەکەی یەکێتی هێنابووی مومکینە وەرزێکی نوێ لە پێوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەست پێ بکات کە سەرهەڵدانەوەی دووئیدارەیی یەک لە شیمانەکان دەبێت.
Your Comment