کوردپرێس:
لیوا محەمەد هەژار، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرینی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ماوەی چەند شەوێکە هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی داعش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، "جوڵەی داعش ئاسایی نییە، لە جاران زیاتر پەلامار دەدەن، بۆیە وەزارەتی بەرگری عێراق تەواوی هێزەکانی لەچەند پارێزگایەک خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ئێستا مەترسی شوێن گرتن لەلایەن داعش لە ئارادایە".
دەربارەی هۆکاری خستنەحاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری قەرەتەپە/حەمرین، لیوا محەمەد وتی، "جموجوڵی مەفرەزەکانی داعش لە ئارادایە لە قۆڵی زینانە و جەبارە، هێزەکانیان گەورەنین، بەڵام لە ئامادەباشیداین تا پەلاماری ڕەبیەکانمان نەدەن".
فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕونیکردەوە، داعش فەرماندە و هێزەکانیان ئاڵوگۆڕپێدەکات، مەفرەزەکانیان بە ناوچەکاندا دەسوڕێنەوە، وتی، "خەڵکیان هەیە چەکدار نییە و سەرقاڵی شوانی و ئاژەڵداریە، بەڵام کاتێک پێویستیان پێیەتی، دەیخەنە ئەرکەوە و وەکو چەکدار بەکاری دەهێنن".
ئەوەشی خستەڕو، ئەو هێزانەی داعش بۆ پەلاماردان بەکاریاندەهێنن، مەفرەزە بچوکەکانی ناوچەکانن و کۆیان دەکەنەوە.
Your Comment