بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی چاوی بە دووکاندارانی ناوچەی مسرج لە شاری سێرت کەوت، یەکێک لە دووکاندارەکانیش بە سەرۆکی ئی پارتی گوت "نکۆڵی لە زمانی ئێمە دەکرێت، ناسنامەی ئێمە نکۆڵی دەکرێت و نکۆڵیش لە بوونی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا ئێرە کوردستانە، بەڵام لە پەرلەمانی تورکیا کوردستان قبووڵ ناکرێت، ئێمەش ئەوە قبووڵ ناکەین".
لەسەر ئەم قسانەی، داواکاری گشتی سێرت بە تۆمەتی بانگەشە بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی دۆسیەی بۆ ئەو دووکاندارە کردەوە و دەستبەسەر کرا.
دووکاندارە کوردەکەی شاری سێرت، بە سەرۆکی ئی پارتی گوت: "ئەو شوێنەی ئێستا تۆی لێی کوردستانە، هەموو هاوڕێ و راوێژکارانی تۆ لێرە کوردن، بەداخەوە لە پەرلەمانی تورکیا نکۆڵی لێی دەکرێت و قبووڵ ناکرێت".
لە وەڵامدا مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی رایگەیاند: "ئەگەر کورد بیت یان تورک و عەلەوی و سوننی، دەبێ رێز لە بوونی هەموو نەتەوەکان بگیرێت. مافی خۆتە بڵێی ئێرە کوردستانە، بەڵام لەناو سنووری تورکیا ئێمە یەکین و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی نەتەوەکان بکات".
سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر و بەرپرسانی هەدەپە رەخنە لە هێزە ئەمنییەکان دیاربەکر دەگرن و دەڵێن "نابێ وشەی کوردستان ببێتە هۆی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان".
Your Comment