بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک فەرمی نەبووە و تەنیا كۆبوونەوەیێكی راوێژكاری بووە، بۆیە لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا ناتواندرێت بڕیار بدرێت، چوونكە كۆبوونەوەی فەرمی نین و تەنیا ھەندێک راسپاردە دەركراون".
ناوبراو گوتیشی، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت، پێویستە سەرۆكی ئەنجوومەن ئامادە بێت، چوونكە بە بێ سەرۆک ناتواندرێت كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت، بۆیە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ راوێژكاری بوو.
جوان حەسەن باسی لەوەش كرد، پێویستە رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی دەستەیێكی نوێی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن دیاری بكرێت و دواتر پارێزگاری نوێ دیاری بكرێت، كە ئەمەش بەو جۆرە نابێت و پێویستی بە رێككەوتنی لایەنەكان ھەیە.
لای خۆشیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، دڵشاد پیرۆت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەن، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان كردووە و بەشداری لە ھیچ كۆبوونەوەیێكدا ناكەن كە رێككەوتنی پێشوەختەی لەسەر نەبێت، چوونكە ئێمە بەو شێوەیە ناچینە كەركووک و بەشداری لە كۆبوونەوەكاندا ناكەین".
پیرۆت گوتیشی، ئەو جۆرە كۆبوونەوانە دەمێكە ھەوڵیان بۆ دەدرێت و ھیچ ئەنجامێكیان نابێت، چونكە ئەوانەی ئەو ھەوڵە دەدەن، بۆ ئەوەیە پارێزگاری نوێ دیاری بكەن، بەڵام ئەم كارە ئەستەمە بكرێت بە بێ ئەوەی رێككەوتن بكرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment