کوردپرێس: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە کۆبوونوەی داهاتووی خۆیدا هەڵبژادرنی سەرۆک کۆمار بخەتە ڕیزی بەرنامەکانییەوە. ئەو پۆستە لە سیستەمی نوێ عێراقدا پشکی کوردەکانە.
لە سێ خولی ڕابردوودا ئەو پۆستە دراوەتە یەکێتیی نیشتمانی، بەڵام لەم خولەدا و پاش ڕێک نەکەوتنی دوو لایەنەکە بۆ پێشکەش کردنی بەربژێرێک کە هەر دوو لا لەسەری ڕێک کەوتبن و هەروەها کاندید کردنی بەرهەم ساڵح لە لایەن یەکێتییەوە، پارتی دیموکراتی-ش لە هەوڵێکی یەکلایەنەدا فواد حسێن-ی وەکوو بەربژێری خۆی پێشکەش کرد.
دڵشاد شەعبان لە بارەی هەڵویستی کۆتایی پارتی لەسەر یەکلایی کردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە کوردپرێس دەڵێت:ئێمە پێمان وایە ئەم پۆستە ئیستیحقاقی گەلی کوردستانە و بە حوکمی ئەوەی کە هیچ ئیتیفاقێکی پێشتر نەماوە وەکوو لە بەینی یەکێتی و پارتی بوو کە ئەمە بەرانبەری پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمە، لەبەر ئەوەش ئێمە پێمان وایە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی ئەمە کە ئەو پۆستە ئیستیحقاقی گەلی کوردستانە دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر کاندیدێک موتەفق بن بۆ ئەوی کە ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق و نوێنەرایەتیی هەموو عێراق و گەلی کوردستانیش بکات، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە ئیتیفاق لەسەر کاندیدێک نەکرا لە بەین لایەنە کوردستانییەکان لەبەر ئەوەش ئێمە وەکوو پارتی لەبەر ئەوەی کە براوەی یەکەمین لە سەرانسەری عێراق وەک حزب و لە هەرێمی کوردستانیش براوەی یەکەمین بە حەقی خۆمان دەزانین کە ئەم پۆستە وەربگرین و کاندیدی خۆمانمان هەبووە.
ناوبراو لەباەری کۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی و بەرهەم ساڵح، کە بارزانی بەیاننامەیێکی دەرکرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق پرسەکە یەکلایی بکەنەوە و لەبەرامبەردا بەرهەم ساڵح پەیامێکی دەرکرد و وتی دەبێت لە پەرلەمانی عێراق واتا هەموو عێراقییەکان دەبێت ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە؛ وتی: ئێمە جارێکی دیکەش جەخت دەکەینەوە کە پەیامەکەی جەنابی بارزانی بە وازحی وتوویە کە لایەنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دەبێت ئەم پرسە یەکلایی بکەنەوە بە حوکمی ئەوەی کە ئەمە بەرکەوتەی گەلی کوردستانە و پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار پشکی خەڵکی کوردستانە کە واتە دەبێت هێزە کوردستانییەکان لە ناو پەرلەمانی عێراق ئەمە یەکلایی بکەنەوە و چوونکە ئیتیفاقیش هەیە لە بەین لایەنە کوردستانییەکان و لایەنەکانی تری عێراقی کە کێ دەبێتە سەرۆک وەزیران و کێ بووە سەرۆکی پەرلەمان، بە هەمان شێوە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر کاندیدێک ڕێک دەکەون، ئەوە لایەنەکانی تریش وەکوو سوننە و شیعە دەنگ بەو کاندیدە دەدەن. لەبەر ئەوە ڕاستتر و دروستەکەی ئەوەیە کە پێشوەختە لایەنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەسەر کاندیدێک ڕێک بکەون و ئینجا لایەنەکانی تریش لەناو پەرلەمانی عێراقدا لەسەری بڕیار بدەن.
دڵشاد شەعبان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا پێتان وایە بۆچی لایەنی یەکێتی یان کۆمەڵ یان لایەنەکانی دیکە داوای ئەو دەکەن کە دەبێت هەموو لایەنە عێراقییەکان پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە؟ ئایا ئەو داواکارییە پێگەی کورد لە عێراق لاواز ناکات؟ ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی کە پارتی هەوڵ دەدات ئەو پۆستانە وەربگرێت وەکوو پۆستی سەۆکی کۆمار و پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان یان پۆستێکی تر ئێمە پێمان وایە کە بۆ ئەوەی کە لایەنە کوردستانییەکانی ڕازی بکەین کە یەکدەنگ و یەک هەڵویست بن لە بەغدا، ئێمە لە هەندێک لە پۆستەکانی خۆمان خۆش بووین بۆ لایەنەکانی دیکە کوردستانی لەبەر ئەوەی ناماناوێت بۆ جارێکی دیکە پۆستەکان بە یەکێکی تر ببەخشین و پێشمان وایە تا چەند لە بەغدا بە قوتتر بین ئەوە پێگەی کوردیش لە عێراق بە قوتتر دەبێت و بۆ هەرێمی کوردستانیش باشتر دەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لەپێناو گەیشتن بە یەک دەنگیی کورد لە بەغدا ئەگەر یەکێتی جگە لە بەرهەم ساڵح کەسێکی دیکەی بێ لایەن بەربژێر بکات، ئایا ئێوە ئامادەن پشتگیریی لە کەسێکی بێ لایەن بکەن؟ دڵشاد شەعبان دەڵێت:پارتی هەموو کاتێک جەختی لەوە کردووە و ئێستاش جەخت لەوە دەکەین کە ئێمە پێویستمان بە کاندیدێکە کە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردی لەسەر هەبێت، باڵام تا ئێستا بۆ نموونە یەکێتی کاندیدێکی وای پێشکەش نەکردووە کە هەمووان لەسەری موتەفق بن. ئێمە پێشتر لە ئیستیحقاقی خۆمان خۆش بووین بۆ ئەوەی کە یەکڕیزی لە ناو ماڵی کورد دروست ببێت کە چی بەو لێخۆشبوونەش هەر یەکڕیزی دەستەبەر نەبوو، لەبەر ئەوە ئێستا پێمان باشە کە ئیستیحقاقی خۆمان لای خۆمان بمێنێتەوە و بە هیچ لایەنێکی تری نەدەین. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا پەرتەوازە دەبێت و بوونی پارتی هەموو کاتێک قوەتە بۆ گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی نێونەتەوەیی کوردپرێس
Your Comment