کوردپرێس:
فواد حسێن پاڵێوراوی فەرمیی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق گفتوگۆیێکی لەگەڵ کەناڵێکی پارتی کردووە و لە بارەی بڕیاری کاندیدکرانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وتوویەتی کاک مەسعوود داوای لە من کرد خۆم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید بکەم.
ئەو لێدوانەی فواد حسێن پاش ئەوە هات کە مەسعوود بارزانی بەیانێکی دەرکرد و ڕایگەیاند بە هەموو تواناوە پشتگیریی فواد حسێن دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە متمانەی تەواوی بە فواد حسێن هەیە و ئاگاداری تواناکانیەتی و دەتوانێت وەکوو سەرۆککۆماری عێراق ئەرکەکانی خۆی بە باشی ڕاپەڕێنێت و بەرژەوەندیی گەلی کوردستانیش و عێراقیش دەستەبەر بکات هەر بۆیەش بە هەموو تواناوە پشتگیریی لێ دەکات.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئەوەشی وتووە کە مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوی ڕاسپاردووە کەسایەتییێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار بناسێنێت و بارزانییش لەبەر ئەو تواناییانەی لە فواد حوسێندا شکی بردووە ناوبراوی بۆ ئەو پۆستە ناساندووە.
فواد حوسێن سەرۆکی پێشووی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارزانی وتوویەتی سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی قەناعەت هێنان بە لایەنە عێراقییەکان بوو بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی کۆمار بە پارتی و فواد حسێن بدرێت.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کە تاکلایەنانە و بەبێ یەکێتی ئەنجام درا کاردانەوەی توندی یەکێتیی بەدوادا هات و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەو بارەیەوە بە بەیاننامەیێکی توند کاردانەوەی پیشان دا و ڕایگەیاند ئەو سەردانە تاکلایەنانەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە یەکێتی دوکتور بەرهەم ساڵحی وەکوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناساندووە.
یەکێتی تانەی ئەوەشی لە پارتی داوە کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی عێراقیشدا ڕاوێژی بە یەکێتی نەکردووە و تاکلایەنانە بڕیاری داوە.
یەکێتی ئاشکراشی کردووە کە لەبەر ئەو کارانەی پارتی ئەوانیش تاکلایەنانە بەربژێری خۆیان تۆمار دەکەن و تاکلایەنانەنەش دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراقەوە.
مەکتەبی ساسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بڕوای وایە مکوڕبوونی یەکێتی لە سەر ئەوەی کە پۆستی سەرۆککۆماری ئیستحقاقی یەکێتی بێت بە بێ بنەمان و نادەستووری دەزانێت.
لە بەیاننامەیێکی پارتیدا نووسراوە یەکێتی بەبێ ئەوەی ئاوڕ لە داواکارییەکانی پارتی بداتەوە بەرهەم ساڵحی گەڕاندۆتەوە نێو یەکێتی و وەکوو بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار ناساندوویەتی.
پارتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی کردووە کە ساڵی 2005 ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بدرێت بە یەکێتی و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بدرێت بە پارتی و وەڵامی یەکێتیشی داوەتەوە کە ئێستاکە چیتر مام جەلال زیندوو نیە و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش نەماوە و دەسەڵاتەکەی هەڵپەسێردراوە و دۆخەکە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە.
پارتی هەروەهاش یەکێتیی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەمێکە ڕێککەوتنە چوار خاڵییەکەی ساڵی 2005 و ڕێککەوتنی ستراتێژییانەی نێوان دوو لایەنی لە ساڵی 2007 پێشێل کردووە و پێی پێبەند نییە.
پارتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بە پێوەر دەزانێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و دەڵێت پارتی لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا زیاترین دەنگی مسگەر کرد بۆیە پۆستی سەرۆککۆماری ئیستحقاقی پارتییە.
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا پشکی کورد بووە و لەع سێ خولی پێشوودا ئەو پۆستە دراوە بە یەکێتی بەڵام ئەم جارەیان ناکۆکیی کورد لەسەر ئەو پۆستە تەشەنەی سەندووە.
موناقەشەی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم لە کاتێکدایە کە بەپێی ئیتفاقی نێوانیان بڕیار وابوو دوو لایەن لە پڕسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا لە بەغدا خاوەن یەک هەڵوێست بن.
جگە لە دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکی دیکەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری خۆیان کاندید کردووە.
سەلیم شووشکەیی لە کۆمەڵی ئیسلامییەوە و سەردار عەبدوڵڵا و سروە عەبدولواحید و عومەر بەرزنجی و کەمال قیتۆلی و عیماد کەمال سەعید وەکوو کاندیدی سەربەخۆ و لەتیف ڕەشید وەکوو پاڵێوراوی نافەرمیی یەکێتی ناوی خۆیان بۆ ئەو پۆستە تۆمار کردووە و ئێستاکە لە نێوان کورددا 9 کەسایەتی خۆیان لە ڕکابەریدا دەبیننەوە بۆ ئەوەی بزانن کامە یەک لەو کاندیدانە خۆیان لە کۆشکی سەلام دەبیننەوە و دوو لە سەر سێی دەنگی نوێنەرانی پەڕلەمان مسۆگەر دەکەن.
مەسعوود بارزانی لەو بارەیەوە وتوویەتی حەزی دەکرد کە هەموو کورد کۆدەنگ بن لە سەر ناساندنی یەک کاندید بەڵام لایەنە کوردییەکان نەیانتوانیوە لەو بارەیەوە بە کۆدەنگی تاکە کاندیدێک ڕەوانە بکەن.
ئەو پەرتەوازەییەی ڕای کورد لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە کاردانەوەی لایەنە عێراقییەکانیشی لێکەوتۆتەوە و هاوپەیمانیی چاکسازی و بنیاتنانەوە لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا داوایان لە کورد کرد کە یەک کاندید بناسێنن بۆ ئەو پۆستە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن ئەگینا ئەو هاوپەیمانێتییە خۆی بڕایر دەدات بۆ هەڵبژاردنی یەک لە کاندیدەکان.
پەیامە ئاشکراکەی هاوپەیمانیی چاکسازی و هەروەهاش پێوەندییە تەلەفونییەکەی مایک پۆمپیۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە دەریدەخات کە پێگەی کورد لاوازتر بووە و ئەوەش لێکەوتە و کارتێکەریی نەرێنیی ململانێ و گرفتی نێوماڵی کوردە و وادەردەکەوێت کورد دابەش دەبێت بە سەر لایەنە ڕکابەرەکانی خۆیدا و بۆیەش دەسەڵات و توانای چەنەلێدانی کز دەبێت.
Your Comment