گۆڕان: ئامانجمان به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ک به‌ده‌ستهێنانی پۆست

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ده‌ست و خۆمان حكوومه‌ت پێكبهێنین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، چالاک موهه‌ندیس ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "هه‌روه‌ک له ‌ڕابردوودا ڕامانگه‌یاندوووه ئێمه‌ بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ هیچ شێوه‌یێک پۆستی وه‌زیر وه‌رناگرین و وه‌زاره‌تمان ده‌وێت، ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ی خۆمان سوورین، ئه‌گه‌ر بچینه‌ حكوومه‌ته‌وه‌ داوای وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ین".

ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پله ‌و پۆست ناچینه‌ ناو حكوومه‌ته‌وه‌ به‌ڵكوو بۆ خزمه‌ت ده‌چین، له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی به‌رمان ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ بچینه‌ ناو ئه‌و حكوومه‌ته‌وه‌ ئه‌وكات به‌ هه‌مان مه‌بده‌ئی ڕابردوو كار ده‌كه‌ین".

چالاک موهه‌ندیس ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌: "له‌ ڕابردووش له‌سه‌ر ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ له‌ حكوومه‌ت ده‌ركراین كاتێک وه‌زاره‌تمان وه‌رگرت و سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان گۆڕی و ویستمان له گه‌نده‌ڵی ده‌ربازی بكه‌ین".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ بڕیاریان داوه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن گوتی: "ئه‌و خه‌مه‌ بۆ ئه‌و ده‌مه‌یه‌، هیچ كه‌س ناتوانێت ئه‌مڕۆ ئه‌و بڕیاره‌ بدات، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین و ئێستاش بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ده‌ست و خۆمان حكوومه‌ت پێكبهێنین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38227

Your Comment

You are replying to: .
captcha