مه‌سعوود بارزانی: له‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ر بکه‌وین گۆڕانکارییێکی گه‌وره‌ ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی له‌ شاری سلێمانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد ‌و گوتی: له‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ر بکه‌وین گۆڕانکاری و چاکسازی گه‌وره‌ ده‌که‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلوول پارتی دیموکراتی کوردستان له ‌نێو باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌ که‌رنه‌ڤاڵێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ پارێزگای سلێمانی ڕێکخست و مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌شداری له‌و که‌رنه‌ڤاڵه‌ کرد و وتارێکی پێشکه‌ش کرد.

مه‌سعوود بارزانی ڕای‌گه‌یاند: "به‌ سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ 30ی ئه‌یلوول چاكسازی و گۆڕانكارییێكی ته‌واو ده‌ست پێده‌كات."

ناوبراو گوتیشی: "زۆر كه‌س خۆیان ئاماده‌ كردبوو كۆتاییی پارتی ببینن به‌ڵام به‌ هیمه‌تی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ر و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی پارتی وایان كرد پارتی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی عێراق."

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشی‌گه‌یاند: "ئێستا هه‌موو لایێک ده‌زانن كه‌ پارتی واتای چی، پارتی ته‌مسیلی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا باشتر بكرێت و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرێت، پێمان خۆشه‌ و هه‌میشه‌ش داوامان كردوووه‌ به‌ ئاشتی و ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانمان بكه‌ن به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری ئامانجه‌كانمان ببین."

ناوبراو گوتی: "هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوول گرنگه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستمان بێت بۆ خزمه‌تی ئێوه‌ درێغی نه‌كه‌ین، سوپاس و پێزانینی خۆم و هه‌موو هه‌ڤاڵان له‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی بۆ پارتییه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ چوونكه‌ زۆر چاک ئاگاداری موعاناتی ئێوه‌ین، هه‌ر له‌ زه‌مانی زه‌عیم سدیقه‌ تا ئه‌مڕۆ تیرۆر و تۆقاندن و بێبه‌شكردن به‌شی ئێوه‌ بوووه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ڵام خۆڕاگر بوون و هاتووین له‌ ئێوه‌ فێری خۆڕاگری ببین."

مه‌سعوود بارزانی ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "خۆڕاگریی ئێوه‌ جێگه‌ی شانازییه‌ و شانازیتان پێوه ده‌كه‌ین، ده‌بێ كۆتایی به‌م وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ بێت، كوردستان بۆ هه‌موو كوردستانییانه‌، ده‌بێت قۆرخ كردنی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شوێنێک كۆتایی پێ بێت و ڕوونیشه‌ له‌ كوێ قۆرخ كردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی یاسایی دابمه‌زرێت و هه‌مووان به‌شدار بن، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ قه‌بووڵ بكرێت ته‌عه‌دا‌ له‌ پارتی و مه‌قه‌ڕاتی پارتی و خه‌ڵكی بێ‌ده‌سه‌ڵات بكرێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌."

ناوبراو ده‌ری‌بڕی: "ده‌بێت له‌به‌رچاوی ئه‌و هه‌ڤاڵ و چاودێرانه‌ی بۆ سه‌ر سندووقه‌كان ده‌ستنیشان كراوه باسی ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌ بكه‌ین‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، له‌ كاتێكی موعه‌ین سندووقه‌كانیان جێهیشتوووه‌، ئه‌مجاره‌ خۆڕاگر بن و سندووقه‌كان جێنه‌هێڵن و رێگه ‌نه‌ده‌ن فێڵتان لێ بكرێت، مه‌حاڵیشه‌ قه‌بووڵ بكرێت په‌نجه‌ بۆ یه‌ک چاودێریش درێژ بكرێت و ته‌هدید بكرێت."

مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێت: "باسی ناوماڵی كوردی و یه‌كڕیزی زۆر ده‌كرێت، به‌ڵێ وابزانم هه‌مووان شایه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌ن هه‌وڵمان داوه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو لایێک هاوكار بن به‌ڵام ئێمه‌ ئامانج و ستراتێژی و ئه‌جێندای خۆمان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌و رێباز و ئامانجه ‌بن زه‌حمه‌ته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان یه‌كڕیز بین."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئێمه‌ خاوه‌ن قه‌زیه‌یێكی ڕه‌واین، ئێوه‌ش سه‌لماندووتانه‌ له‌پێناو ئه‌و قه‌زیه‌ ڕه‌وایه‌دا ئه‌زیزترین كه‌سانی ئێمه‌ و ئێوه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، ئه‌و قه‌زیه‌یه‌ش نیشتمانه‌ و كوردستانه‌، به‌ پێویستیشی نازانم و ئێوه‌ زۆر له‌وه‌ ئاگادارتر و دڵسۆزترن من بێم لێره‌ داواتان لێبكه‌م ده‌نگ به‌ لیستی 183 بده‌ن."

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ درێژه‌دا وتی: "ئێوه‌ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ن، زۆر چاک له‌ موعاناتی ئێوه‌ تێده‌گه‌ین به‌ڵام دوای 30ی ئه‌یلوول كۆتایی به‌و موعاناته‌ دێت، له‌ كۆتاییدا نامه‌وێت ئێوه‌ له‌به‌ر ئه‌و گه‌رمایه‌ زۆر ڕابگرم، سڵاوی گه‌رم بۆ ئێوه‌، بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و كه‌سوكاری شه‌هیدان، سڵاو بۆ خۆڕاگریی ئێوه‌ی قاره‌مان."

له‌ کۆتاییدا مه‌سعوود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ "داوای سه‌ركه‌وتنیش بۆ كاندیده‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتوو بن و ئینشائه‌ڵڵا نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ ده‌بن و به‌رگری ته‌واو له‌ مافه‌كانی ئێوه‌ ده‌كه‌ن.. دووباره‌ سوپاس بۆ خۆڕاگریتان و هه‌ر سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز بن."

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38224

Your Comment

You are replying to: .
captcha