خۆکاندید کردنی 8 کورد بۆ پۆستی سه‌رکۆماری عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دکتۆر فوئاد حسێن دوایین به‌ربژێر بوو له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری عێراق هه‌ر بۆیه‌ ئێستاکه‌ 8 به‌ربژێری كورد ململانێ بۆ دانیشتن له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن بۆیه‌ ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌ به‌غدا بۆ كه‌سیان ته‌خت و بێ‌له‌مپه‌ڕ نابێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی دكتۆر فوئاد حوسێنی وه‌ک پاڵێوراوی خۆی تۆمار كرد و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌ نوێكه‌ی عێراق ناسنامه‌ی ئه‌وانی له‌ گیرفاندا بێت چوونكه‌ ده‌ڵێن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت له‌ به‌غدا ڕۆڵمان هه‌بێت‌.

پشتیوان سادق ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌ ڕووداوی راگه‌یاند: ''ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یان هه‌ندێک له ‌ناو یه‌كێتی پێیان وابێت ده‌توانن به ‌بێ پارتی سه‌رۆككۆمار دابنێن و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پارتی وه‌ک هێزێكی سه‌ره‌كی، كه‌واته‌ ئه‌و مه‌نتیقه‌ ڕاستیشه‌ ئه‌گه‌ر پارتی سبه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بێ یه‌كێتی حکوومه‌ت ته‌شكیل بكات، هه‌مان مه‌نتیق ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیری پێبكه‌نه‌وه‌ پارتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌."

سێ خولی ڕابردووی دوای ڕووخانی سه‌دام پۆستی سه‌رۆككۆمار لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوووه، بۆیه‌ له‌م خوله‌ش ده‌ڵێن كورسییه‌كه‌ی كۆشكی سه‌لام كاڵایێكه‌ به‌ باڵای ئێمه‌ دووراوه‌.

هه‌واڵه‌کانیش باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بۆ به‌ده‌ستهێنای ده‌نگ و پشتیوانی به‌رهه‌م ساڵح و باڤڵ تاڵه‌بانی به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌چنه‌ به‌غدا و ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌ به‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌تی ده‌ڵێت: له‌ كێبڕكێی نێوان به‌ربژێره‌كه‌ی ئێمه‌ و پارتی زه‌مینه‌ بۆ یه‌كێتی له‌بارتره‌ و به‌رهه‌م ساڵح ده‌یباته‌وه‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ رووداوی ڕاگه‌یاند: ''ئه‌گه‌ر به‌ دوو كاندیدی جیاواز بچینه‌ مه‌یدان ده‌بێت چاو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆماندا له‌گه‌ڵ پارتی بخشێنینه‌وه،‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه،‌ ئه‌گه‌ری زۆر زۆری هه‌یه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیکه‌ داوای پێكهێنانی حكوومه‌ت بكه‌ین له ‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان'."

ئێستا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌ریه‌كه‌ له‌ (به‌رهه‌م ساڵح، فوئاد حسین، سه‌ردار عه‌بدووڵڵا، سه‌لیم شووشكه‌یی، سروه‌ عه‌بدولواحید، له‌تیف ڕه‌شید، عومه‌ر به‌رزنجی و كه‌مال قه‌یتوولی) له‌ كێبڕكێدان و هه‌ر كه‌سێكیان له‌ ئه‌گه‌ری یه‌كه‌می ده‌نگداندا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی عێراق ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیان پێویسته‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38218

Your Comment

You are replying to: .
captcha